سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق؛ جه‌خت له‌ چاره‌سه‌رى دارایى نێوان هه‌رێم و عێراق ده‌که‌نه‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق جه‌خت له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رى گونجاو له‌نێوان حکومه‌تى فیدراڵ و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى دۆسیه‌ى دارایى و پاراستنى مافى موچه‌خۆران.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ى کانونى دووه‌مى 2021، له‌ کۆشکى به‌غداد کۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق ئه‌نجامدراو تێیدا جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ له‌پێویستى چه‌سپاندنى ئاسایش و ئارامى و به‌هێزکردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى هاووڵاتیان له‌ لێکه‌وته‌ ئابوورییه‌کان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى مووچه‌خۆرانى ھه‌رێمى کوردستان

هه‌روه‌ها کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق جه‌ختده‌کاته‌وه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکى گونجاو له‌ نێوان حکومه‌تى فیدراڵ و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ باره‌ى دۆسیى داراییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان، به‌تایبه‌تى پاراستنى مافى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران دوور له‌ ململانێ سیاسییه‌کان.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى کۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق:
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١/١٢ له‌ کۆشکى به‌غداد د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمار و موسته‌فا کازمی، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و فائق زێدان، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى کۆبوونه‌وه‌ و له‌باره‌ى دواین گۆڕانکارى و پێشهاته‌کانى دۆخى سیاسى و ئه‌منى و ئابوورى وڵاتدا و دۆسیه‌یى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو گفتوگۆیانکرد.

ئاماده‌بووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ جه‌ختیانکرده‌وه‌ له‌ پێویستى چه‌سپاندنى سه‌قامگیرى وڵات و پارێزگاریکردن له‌ ئاسایش و سه‌لامه‌تى هاووڵاتیان و پاراستنى مافى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ و به‌هێزکردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و جێبه‌جێکردنى یاسا له‌ پێناو هێنانه‌دى ئاشتى و ئاسایشى کۆمه‌ڵایه‌تی.

هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌که‌دا دووپاتکرایه‌وه‌ له‌ خستنه‌گه‌رى هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌کان بۆ پشتیوانى و به‌هێزکردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى خاوه‌ن توانا و سه‌روه‌رى و پاراستنى ماف و ئاسایشى هاووڵاتیان و رێگریکردن له‌و کارانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسان و رێکخستنه‌وه‌ى چه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا.

به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى گرنگى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو کرا، وه‌ک ئه‌رکێکى دیموکراسى و ده‌ستوورى له‌ وڵات، به‌تایبه‌تى تریش وه‌ک داواکارییه‌کى جه‌ماوه‌رى و نیشتمانى ره‌وا، به‌ ئاڕاسته‌ى هه‌نگاونان به‌ره‌وه‌ چاکسازى و گۆڕانکارى بنه‌ڕه‌تی، هه‌روه‌ها وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راسته‌قینه‌ى دواکارییه‌کانى گه‌ل، بۆ ھێنانه‌کایه‌وه‌ى په‌یمانێکى سیاسى نوێ و خزمه‌تکردنى خه‌ڵک و ھێنادى ئاشتییانه‌ى چاکسازى ریشه‌یی، به‌ به‌شدارى به‌رفراوانى ھه‌مووان. 

له‌و روانگه‌یه‌وه‌ به‌شداربووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ جه‌ختیانکرده‌وه‌ له‌ پێویستى کارکردنى سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌کانى وڵات و هێزه‌ سیاسى و چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ پشتیوانیکردنى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ رێگه‌ى رێگریکردن له‌ ساخته‌کارى و فرتوفێڵ، به‌جۆرێک ھه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ ببێته‌ جێى خواستى گه‌لى عێراق له‌ ھه‌ڵبژاردنى نوێنه‌راى راسته‌قینه‌ییان دوور له‌ گوشارێکى چه‌ک.

هاوکات ئاماده‌بووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاماژه‌یانکرد به‌پێویستى ره‌چاوکردنى پاک و بێگه‌رد و شه‌فافى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ته‌واوى قۆناغه‌کانى به‌ڕێوه‌چوونى دا، به‌ ھه‌ماھه‌نگى و چاودێریکردنى به‌ شێوه‌یه‌کى ورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کان و نوێنه‌رایه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان.

ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ ته‌رخانکرابوو سه‌باره‌ت به‌  تێپه‌راندنى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2021 به‌ شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ به‌جۆرێک مافى ھه‌موو هاووڵاتیانى عێراق بپارێزێت بێ جیاوازی، ھه‌روه‌ھا رێگرى بکات له‌ لێکه‌وته‌کانى دۆخى دارایى له‌سه‌ر بارودۆخى ئابوورى وڵات که‌ ھاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ تایبه‌تى پاراستنى چین و توێژه‌ که‌مده‌رامه‌ته‌کان که‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتیان سنورداره‌، جه‌ختیشکرایه‌وه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکى گونجاو له‌ نێوان حکومه‌تى فیدراڵ و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ باره‌ى دۆسیى داراییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان، به‌تایبه‌تى پاراستنى مافى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران دوور له‌ ململانێ سیاسییه‌کان.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار