تورکیا لەدەرگای ئەوروپا دەداتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هیوا سهید سهلیم
ساڵی ٢٠١٩، بەساڵی دوورکەوتنەوەو سزادانی تورکیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەکۆتاهات، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پەلهاویشتنی تورکیا بوو بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە، بەدوای خۆیدا سزای ئەمەریکاشی بەدواداهات. یەکێتی ئەوروپا لەپاڵ سزاکانی لەدژی تورکیا، بەهاری ئەم ساڵیشی دیاریکردووە تادوا دەرفەت بێت کەتورکیا بەهەڵسوکەوتەکانیدا بچێتەوە، ئەگینا دەبێت چاوەڕوانی سزای زیاتر بکات. یەکێک لەو سزایانە کەپێشبینی دەکرێت بەسەر تورکیا بسەپێنرێت بەتەواوی بێهیواکردنیەتی لەوەی وەک ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا وەربگیرێت.
شایانی باسە یەکێتی ئەورپا یەکێتیەکی کونفیدراڵی سیاسی و ئابوورییە، لە (٢٨) دەوڵەتی خاوەن سەروەری پێکدێت، کە بەپێی چەندین رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی لەساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان دەوڵەتی تورکیا هەوڵی زۆری داوە تاوەک ئەندام لەو یەکێتییە وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی تورکیا بەپڕەنسیپ و ئەو بنەمایانەی کەیەکێتیەکەی لەسەر دامەزراوە و جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ئەندامیەتی، هەمیشە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەست بەڕووی تورکیا نراوەو بەئەندام قبووڵیان نەبووە. لەئێستادا کەتورکیا خراوەتە ژێر فشاری دوو سزای ئەوروپی و ئەمریکی، دەپرسین ئایا لەساڵی تازە دەرفەتێک بۆ تورکیا دەڕەخسێت کەجارێکی دیکە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بکەوێتە دانووستان تا لەلایەک ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی بەکۆتا بهێنێت و بگاتە خەونی چەند ساڵەی لەئەندامیەتی لەو یەکێتییە؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، وا باشە بگەڕێینەوە بۆ مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەر وڵاتێک کەبیەوێت ببێتە ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا، ئینجا دەتوانین بەهەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەکانی تورکیا، لەمامەڵەی نێگەتیڤانەی لەگەڵ چەندین پرسی هەستیار، کەبۆتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەری، تێبگەین کەئایا ئەوروپا ئامادەیە دەرگا بەڕووی تورکیا بکاتەوە یان نا؟ وەک باسمان کرد یەکێتی ئەوروپا لەئەنجامی بەستنی چەندین رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی لەنموونەی (رێککەوتنامەی رۆمای ئابووری ١٩٥٧، رێککەوتنامەی ماسترێخت ١٩٨٦و رێککەوتنامەی ئەمستردام...هتد) لەنێوان ئەو وڵاتانەی کاریان بۆ دامەزراندنی ئەو یەکێتییە دەکرد، ئامانج و مەرجەکانی دامەزراندنی ئەو یەکێتیەیان یەکلاکردووەتەوە، تا هەر وڵاتێکی تازە کەبیەوێت بێتە ناو یەکێتی ئەوروپا دەبێت بۆ ئەو ئامانجانە تێبکۆشێت و پابەندی مەرجەکانی ئەندامیەتی بێت. ئامانجەکانی یەکێتی ئەوروپا: - بەدەستهێنانی پێوەرەکانی هاووڵاتیبوونی ئەوروپی لەپاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان. - زامنکردنی ئازادی و ئاسایش و دادپەروەری، هاوکاریی لەبواری کاروباری ناوخۆ. - توندوتۆڵکردنی پێشکەوتنی ئابوری و کۆمەڵایەتی، واتا دروستکردنی بازاڕی هاوبەش و دراوی یەکگرتوو (یۆرۆ). - پشتیوانیکردن لە رۆڵی ئەوروپا لەسەر ئاستی جیهاندا. بەگەڕانەوە بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە یەکێتی ئەوروپا چەند پێوەرێکی بۆ بەئەندامبوون داناوە، کەپێی دەوترێت پێوەرەکانی (کۆبنهاگن) بۆ هاتنە ناو یەکێتی ئەوروپا، کەئەوانیش پێوەری سیاسی و ئابوری و یاسادانانن، کەدەبێت دەوڵەتی کاندیدکراو پێوەی پابەندبێت.
تورکیا لەساڵی ١٩٩٥ واژۆی لەسەر رێککەوتنامەی گومرگی هاوبەش کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپاو ٣ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٥، دەچێتە ناو دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، بۆ بەدەستهێنانی ئەندامیەتی تەواو، بەڵام بەهۆکاری پێشێلکاری لەپرسی مافی مرۆڤ و خراب بەکارهێنانی دۆسیەی کۆچبەران و هەڵوێستی نەرێنی لەپرسی تیرۆریستانی داعش، یەکێتی ئەوروپا پرسی ئەندامیەتی تورکیای هەڵواسی و کۆتاییان هێنا بەدانوستانی وەرگرتنی تورکیا. دوای ئەو هەموو هەورازو نشێوەی تورکیا بۆ گەیشتن بەیەکێتی ئەوروپا، بەتایبەت دوای سزادانی ئایا تورکیا بۆچی جارێکی دیکە لەدەرگای ئەوروپا دەداتەوە، ئایا ئەوروپا ئامادەیە جارێکی دیکە لەخاڵی سفرەوە لەگەڵ تورکیا دەستپێبکاتەوە؟ تورکیا چاک دەزانێت ساڵی ٢٠٢١ ساڵیکی سەخت دەبێت بۆی، چونکە ئەوروپا نزیک دەبێتەوە لەو ماوەیە کە بۆ تورکیای دیاری کردووە، تاتورکیا بەسیاسەتەکانیدا بچێتەوە، لەئەمەریکا گۆڕانکاری روویداوە، تورکیاو سەرۆکەکەی دۆستێکی نزیکی لەدەستداوە کە دۆنالد ترەمپ بوو.
هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئیدارەی تازەی کۆشکی سپی دڵخوازی سیاسەتەکانی ئەردۆغان نابێت، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتریش لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتی کۆمارییەکان لەسەر پرسی (S400) سزا بەسەر تورکیا سەپێندرابوو. هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دبلۆماسییەتی نەرم. بەڵام تورکیا لەپاڵ کێشە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ هەریەک لەئەمەریکاو ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەنێوخۆشدا رووبەڕووی قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابووری بووەتەوە. ترازانی ناوخۆی ئاکپارتی و دروستبوونی چەند پارتێکی دیکە لەسەر حسابی ئاکپارتی، قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، پاشەکشەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەپرسی ئازادی و دیموکراسییەکان. هەموویان ئاستەنگ دەبن بۆ تورکیا بەوەی کەتورکیا نەتوانێت خەونەکانی بێنیتەدی، هەر بۆیەش کردنەوەی دەرگا بەڕووی تورکیا لەلایەن ئەوروپاوە، بەبێ پێداچوونەوەی تورکیا بەسیاسەتە چەوتەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەکی، نەک ئاسان نابێت بگرە نزیکە پەیوەندییەکان بگاتە ئاستێکی ئاڵۆزتریش.