‌مه‌زڵوم کۆبانى داوا له‌ بایدن ده‌کات هه‌ڵه‌کانى تره‌مپ له‌رۆژئاڤاى كوردستان راستبکاته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى
فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌)، هیواداره‌ جۆ بایدن، سه‌رۆکى نوێى ئه‌مریکا، هه‌ڵه‌کانى ئیداره‌که‌ى تره‌مپ له‌رۆژئاڤاى کوردستان سوریا، راستبکاته‌وه‌، که‌ هه‌ڵکردنى گڵۆپى سه‌وز بووه‌ بۆ داگیرکارییه‌کانى تورکیا.
مه‌زڵوم کۆبانێ، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌)، رایگه‌یاند:" هیوادارم جۆ بایدن، سه‌رۆکى نوێى ئه‌مریکا، هه‌ڵه‌کانى ئیداره‌که‌ى تره‌مپ له‌رۆژئاڤاى کوردستان سوریا، راستبکاته‌وه‌، که‌ هه‌ڵکردنى گڵۆپى سه‌وز بووه‌ بۆ داگیرکارییه‌کانى تورکیا".
تورکیا عه‌فرین و گرێسپى و سه‌رێکانى داگیر کردووه‌و ئه‌وه‌ش به‌ره‌زامه‌ندى هه‌ڵکردنى گڵۆپى سه‌وز بووه‌ له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى پێشترى ئه‌مریکاوه‌.
ئه‌و قسانه‌ى مه‌زڵوم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌، له‌میانى چاوپێکه‌وتنێکیدا هاتون له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

مه‌زڵوم کۆبانى داواى له‌ ئیداره‌که‌ى بایدن کردوه‌، په‌یڕه‌وى ستراتیژێکى نوێ بکات بۆ کاراکردنه‌وه‌ى رۆڵى ئه‌مریکاو دانانى سنورێک بۆ کۆمه‌ڵکوژییه‌کان له‌ سوریا.

کۆبانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ که‌ له‌ دیداره‌کانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌رۆکایه‌تى ئه‌مریکا بۆى ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ ئاڕاسته‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ به‌رفراوانکردنى ئۆپه‌راسیۆنه‌کان له‌دژى داعش.

هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌ جه‌ختیشى کردۆته‌وه‌ که‌ داگیرکردنى ناوچه‌کانى سه‌رێ کانى و گرێ سپى له‌لایه‌ن تورکیاوه‌، هاوکاربوه‌ له‌ ژیاندنه‌وه‌ى داعشدا له‌ڕێگه‌ى ئه‌و هاوکارییانه‌ى له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ده‌کرێت که‌ ئامانجییه‌تى روبه‌رى داگیرکارییه‌کانى له‌ رۆژهه‌ڵاتى فوڕات زیاتر بکات.

هاوکات، مه‌زڵوم کۆبانى سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ پارتى کرێکارانى کوردستان حزبێکى کوردى دۆستیانه‌ به‌ڵام له‌ڕوى رێکخستنه‌وه‌ په‌یڕه‌وى له‌و حزبه‌ ناکه‌ن و وتوشیه‌تی، ئێمه‌ وه‌ک هه‌سه‌ده‌ سه‌ربه‌خۆیین له‌ بڕیاره‌کانماندا و ستراتیژییه‌تێکى رونمان هه‌یه‌و به‌پێى ئه‌و ستراتیژه‌ له‌سوریا کارده‌که‌ین که‌ سوریاش تاکه‌ گۆڕه‌پانى کارکردنمانه‌.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وتویه‌تی، ئێمه‌ ته‌به‌نى هزرو پڕۆژه‌که‌ى ئۆجه‌لان به‌ناوى نه‌ته‌وه‌یى دیموکراتیکه‌وه‌ ده‌که‌ین.

له‌باره‌ى دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى سوریا، مه‌زڵوم کۆبانى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى هێشتا گفتوگۆکاندا له‌ ره‌هه‌نده‌ سه‌ربازییه‌که‌وه‌ نه‌په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ بۆ رێککه‌وتنى سیاسی، ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌تى سوریا هێشتا ده‌یه‌وێت وڵات بۆ ساڵى به‌ر له‌ 2011 بگه‌ڕێته‌وه‌.

جه‌ختیشى کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌وان دژى به‌شداریکردنیان نین له‌ دامه‌زراوه‌یه‌کى سه‌ربازیى هاوبه‌شیى سوریدا به‌و مه‌رجه‌ى تایبه‌تمه‌ندییه‌کانى هه‌سه‌ده‌ پارێزراو بن و هه‌روه‌ها ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ مۆرکێکى نه‌ته‌وه‌یى و دینى و مه‌زهه‌بى پێوه‌ نه‌بێت و ملکه‌چیش نه‌بێت بۆ لایه‌نه‌ ده‌ره‌کییه‌کان.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار