عێراق له‌مانگى شوباتدا داهاته‌که‌ى پێنج ملیار دۆلار بووه‌

به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى به‌ 60 دۆلارو 33 سه‌نت فرۆشتووه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
‌وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق بڕى هه‌نارده‌و داهاتى نه‌وتى له‌ مانگى شووبات ئاشکراکرد و ڕایگه‌یاند، که‌ به‌راورد به‌ مانگى کانوونى دووه‌م زیادیکردووه‌ و داهاته‌که‌ى پێنج ملیار و 26 ملیۆن دۆلار بووه‌.

 ئه‌مڕۆ یه‌کى ئازارى 2021، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، تیایدا وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى کۆمانیاى به‌بازاڕکردنى نه‌وت (سۆمۆ) له‌مانگى شوباتى رابردوودا بڕى 82 ملیۆن و 877 هه‌زارو 757 به‌رمیل نه‌وت له‌کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى که‌رکوک و ناوه‌ڕاست و باشورى عێراقه‌وه‌ هه‌نارده‌کراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ تێکڕاى نرخى نه‌وت له‌ مانگى شوباتدا 60 دۆلارو 33 سه‌نت بووه‌و  به‌وپێیه‌ش داهاتى نه‌وت پێنج ملیار و 26 ملیۆن 807 دۆلار بووه‌.

هاوکات ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و نه‌وته‌ى مانگى رابردوو هه‌نارده‌کراوه‌ 79 ملیۆن و 105 هه‌زارو 329 به‌رمیلى له‌کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراقه‌وه‌ بووه‌و سێ ملیۆن و 772 هه‌زارو 428 به‌رمیلیشى له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى که‌رکوکه‌وه‌ له‌ڕێى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکیاوه‌ هه‌نارده‌کراوه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار