وته‌بێژى حکومه‌ت وه‌ڵامى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌داته‌وه
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى سه‌ربه‌خۆیى دادگاکان و یه‌کلایکردنه‌وه‌ى که‌یسه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى "دادپه‌روه‌رانه" راگه‌یه‌نراوێکى بڵاوکرده‌وه و هێرش ده‌کاته سه‌ر یه‌کێتى.
له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌ى وته‌بێژى حکومه‌تدا که ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ بڵاوکرایه‌وه، باس له‌وه کراوه که: "سه‌رۆکى حکومه‌ت پاڵپشتى ته‌واوى خۆى بۆ دادگاکانى هه‌رێمى کوردستان دوپات ده‌کاته‌وه که به شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه و سه‌ربه‌خۆییانه و دور له ئه‌جێندا و به‌رژه‌وه‌ندى هیچ لایه‌ک و دور له فشارى تاک و لایه‌نه سیاسیه‌کان، بڕیار له سه‌ر هه‌مو که‌یسه‌کان بدات."
وته‌بێژى حکومه‌ت جه‌ختیش ده‌کاته‌وه که سه‌رۆکى حکومه‌ت پێیوایه، "نابێت هیچ که‌یسێکیش پشتگوێ بخرێت، له وانه که‌یسى ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ى مسته‌فا سه‌لیمى و تیرۆرکردنى ئامانج بابانى و هاوژین و منداڵه‌که‌ی."
له‌کۆتایى راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا، جوتیار عادل ده‌شڵێت،" سه‌رۆکى حکومه‌ت داوا له هه‌موو لایه‌ک ده‌کات، خۆیان نه‌که‌نه جێگره‌وه‌ى دادگاکان."
ئه‌مه له‌کاتێکدایه چه‌ند کاتژمێرێک پێشتر، لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى له‌په‌ڕه‌ى فه‌رمى خۆى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر رایگه‌یاند، " ده‌ستیان داوه‌ته کاروبارى دادگا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سێ که‌سه ئازادبکرێن‌و که‌یسه‌که دیزه به ده‌رخۆنه بکرێت، بۆیه سه‌رۆکى حکومه‌ت لێره‌وه پێت ده‌ڵێم تۆ به ته‌واوه‌تى متمانه‌ت له‌ده‌ستداوه ئه‌گینا ئه‌مه‌ت قبوڵ نه‌ده‌کرد".
هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردبوو"هه‌ر ئه‌و حکومه‌ته که له که‌یسى ده‌ستگیرکردنى (5) چالاکوانه‌که‌ى بادینان داواى له هه‌مو لایه‌نه‌کان ده‌کرد که ده‌ستوه‌ردان له کاروبارى دادگا نه‌که‌ن، که‌چى هه‌مان حکومه‌ت به‌ئاشکراو به هه‌ڕه‌شه‌کردن داواى ئازادکردنى (3) ئه‌فسه‌رى ده‌زگایه‌کى هه‌واڵگرى هه‌رێم ده‌کات که له‌سه‌ر که‌یسى په‌لاماردانى په‌رله‌مانتار غالب محه‌مه‌د ده‌ستگیرکراون".