مه‌زڵوم عه‌بدى پشتیوانى بریاره‌که‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌کات

په‌رله‌مانى ئه‌وروپا داواى له‌تورکیا کردووه‌ له‌ باکورى سوریا بکشێته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) پێشوازى له‌ بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌کات که‌ ده‌وڵه‌تى تورکیاى به‌ داگیرکه‌رى ناوچه‌ کوردییه‌کان ناوبردووه‌ و داواى کردووه‌ له‌ باکوورى سوریا بکشێته‌وه‌.

شه‌وى ڕابردوو مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا بۆ ده‌رکردنى سوپاى تورکیا له‌ سوریا تویتێکى بڵاوکرده‌وه‌.

مه‌زڵوم عه‌بدى نووسیویه‌تی: "ئێمه‌ پێشوازى له‌ بڕیارى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا ده‌که‌ین که‌ داواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌ نایاساییه‌کانى ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک له‌ باکوورى سوریا ده‌کات، ئه‌مه‌ نیگه‌رانیه‌کانى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا نیشانده‌دات له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌ پاکتاوکارییه‌ نه‌ژادییه‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌ دژى کورد له‌ سوریا".

په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ڕایگه‌یاندبوو تورکیا له‌ ساڵى 2016ه‌وه‌ ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى داگیرکردووه‌ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى پێشل کردووه‌.

هه‌روه‌ها داواشى له‌ ده‌وڵه‌تى تورکیا کردووه‌ که‌ له‌و ناوچانه‌ى که‌ له‌ سوریا داگیرى کردووه‌ بکشێته‌وه‌، چونکه‌ کرده‌وه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک له‌م ناوچانه‌ پاکتاوى ئه‌تنیکییه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار