شیعه‌ داواى 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌هه‌رێم ده‌کات

وه‌فدى هه‌رێم ناچێته‌وه‌ به‌غدا تاکاتى ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ دیارى ده‌کرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌رکۆ جه‌مال

لایه‌نه‌ شیعییه‌کان به‌فه‌رمى هێشتا هیچ جێگره‌وه‌یه‌کیان بۆ ئه‌و ده‌قه‌ى رێککه‌وتنى له‌سه‌رکراوه‌ له‌نێوان هه‌ولێر به‌غدا نییه‌و به‌نافه‌رمى باسى ته‌سلیمکردنى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ده‌که‌ن، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت:»تاکاتى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ بودجه‌ى 2021 دیارى نه‌کرێت وه‌فدى هه‌رێم ناچێته‌وه‌ به‌غدا».

به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ‌هاوڵاتى، شیعه‌کان دابه‌شى دوو به‌ره‌ى سه‌ره‌کى بوون له‌پرسى پشکى بودجه‌ى هه‌رێمدا، به‌شێکیان که‌فراکسیۆنى سائیرونى موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و فراکسیۆنى حیکمه‌ که‌ عه‌مار حه‌کیم سه‌رۆکایه‌تییان ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ى له‌پرۆژه‌ بودجه‌دا هاتووه‌ په‌سه‌ند بکرێت.

هه‌روه‌ها فراکسیۆنه‌کانى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى و فراکسیۆنى نه‌سر به‌سه‌رۆکایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى و فراکسیۆنى فه‌تح به‌سه‌رۆکایه‌تى هادى عامرى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رۆژانه‌ (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌هه‌رێم وه‌ربگیرێت وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ده‌قه‌ى هه‌رێم و عێراق رێکه‌وتوون له‌سه‌رى، که‌ رۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌.

ئه‌و لایه‌نه‌ شیعییانه‌ى داواى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ده‌که‌ن، ده‌یانه‌وێت هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى سۆمۆى نیشتمانى عێراق بێت و له‌به‌رانبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانى هه‌رێمى لێ ده‌ربکرێته‌وه‌و به‌نه‌وت بیده‌نه‌وه‌ به‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021ى عێراق که‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆ گفتوگۆى له‌سه‌ربکرێت، به‌ڵام سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بڕیاریدا بۆ کاتێکى نادیار دوایبخات و ته‌نها گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى دادگاى فیدراڵى له‌به‌رنامه‌ى کاریدا هێشتووه‌ته‌وه‌.

جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، تائێستا هیچ رێککه‌وتنێکى نوێ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا نه‌کراوه‌ که‌ببێته‌ جێگره‌وه‌ى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌دا ئاماده‌کراوه‌. قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ماڵپه‌ڕى «ناوه‌ندى هه‌واڵى نیشتمانی» راگه‌یاندووه‌، پێشووتر حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 رێککه‌وتوون و دواتر پرۆژه‌یاساکه‌ نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق تاووتوێ کراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، تائێستا سه‌باره‌ت به‌پشکى هه‌رێمى کوردستان پێشنیازى جێگره‌وه‌ نیه‌، به‌وپێیه‌ى هه‌ر پێشنیازێک ئاماده‌بکرێت پێویسته‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حکومه‌تى فیدڕاڵ و حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت. په‌یوه‌ست به‌ رێککه‌وتنى «50 ساڵه‌ى نه‌وت» له‌گه‌ڵ تورکیاش قوباد تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ى له‌م باره‌یه‌وه‌ باسده‌کرێت راست نیه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ى له‌و رێککه‌وتنه‌دا هاتووه‌ بریتیە له‌گواستنه‌وه‌و به‌بازاڕکردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه‌و حکومه‌تى عێراقیش هه‌مان شێوازى رێککه‌وتنى هه‌یه‌.

وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:» تاکاتى دانیشتن و ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ له‌په‌رله‌مان دیارى نه‌کرێت، وه‌فدى هه‌رێم ناچێته‌وه‌ به‌غدا».

سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى، وت:» وه‌فدى باڵاى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا تادانیشتنى په‌رله‌مان له‌باره‌ى بودجه‌ى 2021ى عێراق رۆژه‌که‌ى دیارى نه‌کرێت ناچنه‌وه‌ به‌غدا».

سه‌میر هه‌ورامى وتیشی:»هه‌رکاتێک واده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق دیاریکرا، وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا، تائێستاش هه‌مان ئه‌و پێشنیازه‌ بۆ رێککه‌وتن جێگیرکراوه‌ که‌ له‌ناو ده‌قى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021دا هه‌یه‌«. سێ ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیوا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر پشکى کورد به‌دڵى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان نه‌بوو ئه‌وکات قسه‌ى دیکه‌یان ده‌بێت.

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى هیوا له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت: »لایه‌نه‌ شیعه‌کان یان ئه‌و ده‌قه‌ ده‌هێنن که‌کورد پێى رازییه‌، یاخود ده‌قێک ده‌هێنن که‌قابیلى گفتوگۆیه‌، ئه‌و ده‌قه‌ى که‌داویانه‌ پێمان، به‌ڵام رێککه‌وتنى هه‌موو لایه‌نه‌کانى له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌وه‌ش لاى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان قبوڵ کراوه‌«. ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد، پشکى کورد له‌ناو بودجه‌ هه‌ر ده‌بێت» ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنى پشکى کورد به‌دڵى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان نه‌بوو ئه‌وکات قسه‌ى دیکه‌مان ده‌بێت، جارى وا هه‌بووه‌ به‌دڵمان نه‌بووه‌ بایکۆتمان کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دراوه‌ به‌کورد زۆربه‌ى پێى رازییه‌«.

«پێشنیاره‌کان گۆڕاون، له‌ئێستادا پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌یه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام به‌شیعه‌کانمان وتووه‌ تاخۆتان له‌سه‌رى رێکده‌که‌ون ئێمه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر ناکه‌ین، به‌ڵام نازانرێت که‌ى پرۆژه‌ى بودجه‌ ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانه‌وه‌«، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وا ده‌ڵێت. هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامێکى دیکه‌ى فراکسیۆنى هیوایه‌و ده‌ڵێت: «هه‌ر پرسێک له‌گه‌ڵ مافه‌ ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێم یه‌کبگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵى ده‌بن».

هۆشیار عه‌بدوڵا، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت: «هه‌ر پرسێک له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان یه‌کبگرێته‌وه‌ یه‌کێتى و پارتى دژى بن یان دژى نه‌بن په‌سه‌ندى ده‌که‌ین».

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ته‌نها هێڵى سوور مافه‌ ده‌ستورییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانه‌، «ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ى بیانه‌وێت درێژه‌بده‌ن به‌سیاسه‌تى تاڵانى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان ئێمه‌ بێگومان دژى ده‌بین».

هاوکات موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامى فراکسیۆنى هیوا وتى:»ئه‌گه‌ر پشکى کورد له‌بودجه‌ تێنه‌په‌ڕێت له‌ئه‌ستۆى حکومه‌ته‌ شکستخواردووه‌که‌ى کوردستانه‌ که‌ناتوانێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێک بکه‌وێت».

سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى جه‌ختده‌کاته‌وه‌ که‌فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان له‌سه‌ر پشکى کورد یه‌کده‌نگن. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت: »تائێستا روون نییه‌ که‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق سه‌باره‌ت به‌بودجه‌ى 2021 ئه‌نجامده‌درێت، وه‌کو کورد تائێستا یه‌کده‌نگین که‌پشکى کورد به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌یه‌ تێبپه‌ڕێت». هه‌روه‌ها ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ى کورد ده‌یه‌وێت بودجه‌ تێنه‌په‌رێت مه‌رج نییه‌ بایکۆت بکه‌ن.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت: «مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌کاتێکدا پشکى کورد له‌بودجه‌ى عێراق به‌دڵى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان تێنه‌په‌ڕێت بڕیارى سیاسى ده‌وێت». شیروان میرزا پێشیوابوو مه‌رج نییه‌ ئه‌مجاره‌ وه‌کو رابردوو کورد بایکۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌رێکى دووره‌ پشکى کورد له‌بودجه‌ به‌و شێوه‌یه‌ى فراکسیۆنه‌کان ده‌یانه‌وێت تێنه‌په‌ڕێت،» تائێستاش پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیله‌که‌ هه‌یه‌ که‌شیعه‌کان باسى ده‌که‌ن، به‌ڵام تائێستا به‌فه‌رمى پێشنیاره‌که‌ نه‌هاتووه‌ته‌ لاى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان».

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ که‌ له‌لایه‌ن شیعه‌کانه‌وه‌ بێت قبوڵ بێت، به‌ڵام جارێ ده‌بێت شیعه‌کان له‌نێو خۆیاندا له‌سه‌رى رێکبکه‌ون ئه‌وکات پێشنیاره‌که‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت. به‌پێى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتیى ساڵى 2021، که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان کراوه‌و رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غداى له‌سه‌ره‌، هه‌رێم جگه‌ له‌ڕاده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاوى رۆژانه‌و نیوه‌ى داهاته‌ فیدراڵییه‌کان بنێرێته‌وه‌ بۆ عێراق، ئه‌وکات پشکى له‌سه‌دا (12.67)ى بۆ ره‌وانه‌ ده‌کرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار