ئۆجالان له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌ى دوێنێیدا چیى وت؟
"نامه‌وێت که‌س بۆ من له مانگرتن له خواردن و له زینداندا بمرێت"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
محه‌مه‌د ئۆجالان ڕایگه‌یاند: ڕێبه‌ر ئۆجالان له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا وتوویه‌تی؛ ده‌وڵه‌ت یارییه‌کى هه‌ڵه ده‌کات، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌ن، ئه‌مه بابه‌تێکى سیاسییه، نه یاساییه و نه ڕاسته، پێویسته پارێزه‌رانم بێنه ئێره و له‌گه‌ڵیان دانیشم و ده‌شڵێت عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پێى راگه‌یاندووه که " نامه‌وێت که‌س بۆ من له مانگرتن له خواردن و له زینداندا بمرێت".
دوێنێ پێنجشه‌ممه 25ى ئازارى 2021، محه‌مه‌د ئۆجالان، بڕاى عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان له‌لایه‌ن داواکارى گشتیى ڕۆحاوه، بانگهێشت کرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ژێر چاودێریى داواکارى گشتیدا، به ته‌له‌فۆن قسه له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئۆجالان بکات، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسى میزۆپتامیا قسه‌یکردووه.
محه‌مه‌د ئۆجالان ڕایگه‌یاند: کاتژمێر 06:00ى ئێواره‌ى ڕۆژى 24ى ئه‌م مانگه، له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه که خۆى وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رى زیندانى ئیمرالى ناساندبوو ته‌له‌فۆنى بۆ کراوه، پێى وتووه که پێویسته ڕۆژى 25ى ئه‌م مانگه کاتژمێر 01:45 خوله‌کى دویانیوه‌ڕۆ له بیناى داواکاریى گشتى ڕۆحا بێت تا له ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه له‌گه‌ڵ براکه‌ى قسه بکات.
محه‌مه‌د ئۆجلان ده‌ڵێت: به‌یانى خۆمم گه‌یانده دادگاى ڕۆحا، داوام لێ‌کرا که بۆ ماوه‌ى 10 خوله‌ک له ژوورێکى قاتى ژێره‌وه‌ى بیناکه‌بم، له‌وێ کارمه‌ندێک هه‌یه که په‌یوه‌ندییه‌که‌ت له‌گه‌ڵ براکه‌ت ڕێکده‌خات، ده‌نگى ته‌له‌فۆنه‌که هات، وه‌ڵامم دایه‌وه و ڕێبه‌ر ئۆجالان یه‌کسه‌ر وتی:”چۆن هاتوویته ئێره؟ کێ تۆى هێناوه؟ ئه‌مه چۆنه؟ له کوێوه په‌یوه‌ندى ده‌که‌یت؟
محه‌مه‌د ئۆجالان ڕاشیگه‌یاند: براکه‌م وتی: “هه‌م تۆ هه‌ڵه‌ى هه‌میش ده‌وڵه‌ت، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه، ساڵێکه هیچ دیدارێک نه‌کراوه، ئه‌مه له یاساى ده‌وڵه‌ت و هیچ یاسایه‌کى دیکه‌ش جێگه ناگرێت، هاتنى تۆ هه‌ڵه‌یه و زۆر مه‌ترسیداره، ده‌وڵه‌تیش مه‌ترسیداره، ئه‌مه شتێکى ڕاست نییه، ئه‌گه‌ر دیدارێک بکرێت پێویسته له چوارچێوه‌ى یاسا بێت، نابێت به دڵى خۆیان و دواى ساڵێک دیدارێک به ته‌له‌فۆن درووست بکه‌ن، ئه‌وه‌ى ئێوه ده‌یکه‌ن زۆر هه‌ڵه‌یه، ده‌وڵه‌تیش یارییه‌کى هه‌ڵه ده‌کات، ئێوه‌ش، ئه‌مه یاسایى نییه، ڕاست نییه، هیچکات قبوڵ ناکرێت، هاوکات مه‌ترسیداره، ئاگاتان لێیه چى ده‌که‌ن؟، ده‌مه‌وێت پارێزه‌رانم بێنه ئێره و دیدارم له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، ئه‌مه شتێکى یاساییه، 22 ساڵه لێره‌م، ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک بێته پێش چۆن ده‌بێت؟ ئه‌م کێشه‌یه ته‌نیا له ڕێگه‌ى یاساوه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، بۆ نایه‌نه ئێره؟، ئه‌گه‌ر چاوپێکه‌وتنێک بێت ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران بێت، چونکه ئه‌م دۆخه هه‌م سیاسییه هه‌میش یاساییه.
له به‌رده‌وامیدا محه‌مه‌د ئۆجالان وتی، به سه‌رۆکم وت؛ یه‌کێک له هۆکاره‌کانى هاتنم بۆ ئێره چالاکییه‌کانى مانگرتن له خواردنه‌و و سه‌رۆکیش وتوویه‌تی:”نامه‌وێت که‌س بۆ من له مانگرتن له خواردن و له زینداندا بمرێت، پێشتریش ئه‌مه‌م وتبوو، ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه، پێویست به‌مه ناکات، ئه‌مه شتێکى قورسه، پێویسته ئێوه ئه‌مه ببینن.
هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ئۆجالان له به‌رده‌وامیدا ده‌ڵێت: نزیکه‌ى چوار بۆ پێنج خوله‌ک قسه‌مان کرد، ده‌نگێک به لاوازى هات، به باوه‌ڕم ده‌نگى سه‌رۆک بوو، وتی: ئه‌م دیداره زۆر هه‌ڵه‌یه، ئه‌مه دیداریش نییه، به‌ڵام دواى ئه‌مه ته‌له‌فۆنه‌که پچڕا.
محه‌مه‌د ئۆجالان ده‌شڵێت دواى پچڕانى ته‌له‌فۆنه‌که، دۆخه‌که‌م به‌و کاربه‌ده‌سته‌ى له‌وێ بوو گه‌یاند، ویستیان له‌وێ بمێنم، دواتر که‌سێکى دیکه ته‌له‌فۆنى کرد و وتى پێویسته له‌وێ بمێنیت، دواى ١٠ بۆ ١٥ خوله‌ک، وتم چیتر ته‌له‌فۆن ناکرێته‌وه، دوایى وتیان، دیدار ته‌واو بووه.
له کۆتایى قسه‌کانیدا محه‌مه‌د ئۆجالان ڕوو له ده‌وڵه‌ت و که‌سانى خاوه‌ن ویژدان وتی: کرده‌وه‌یه‌کى به‌م شێوه‌یه قبوڵکراو نییه.