توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی واز لەڕۆژاڤای كوردستان ناهێنن
هێرشەكان لەگرێ سپی چڕ دەكاتەوەو خەندەق لێدەدەن
4 ساڵ لەمەوپێش
هەڵۆ سەربەست
سوپای توركیا لەڕۆژئاڤای كوردستان چەند رۆژێكە هێرشەكانی چڕكردووەتەوەو بەردەوام لەڕێگەی تۆپ و فڕۆكەوە بۆردومانی گوندو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكات و ئەوانیش بەتوندی وەڵامیان دەدەنەوە.
بەپێی ئاژانسە هەواڵییەكانی رۆژئاڤا، تەنیا لەهەفتەی ڕابردوودا (11) هاووڵاتی كوژراون و (20)ی تریش برینداربوون.
بەپێی هەواڵەكانی ئەو ئاژانسانە بەرەبەیانی رۆژی پێنجەشەممە لەكاتژمێر 2.30 خولەكدا سوپای توركیا هێرشی كردووەتە سەر گوندی سەیدا لەگرێ سپی و شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوەو شەڕێكی توند لەنێوان هەردولادا روویداوەو دواتر هێرشەكە تێكشكێندراوە.
دوای تێكشكانی هێرشەكەش سوپای توركیا بەهاوەن بۆردومانی ناوەندی گرێ سپی و رێگای (ئێم-4)ی كردووەو لەبەرەبەیانی رۆژی دواتریشدا تۆپبارانی ناوچەی شەهبایان كردووەو ئێوارەكەشی گوندەكانی ئاقدێ و بێنێ-ی ناوچەی شێراواو گوندی تەنانێ-ی شەهبای سەر بەكانتۆنی عەفرینیان تۆپباران كرد.
ئەم هێرشانەی توركیا لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار لەمانگی 11ی 2020وە توركیا لەدەوروبەری گرێ سپی و بەتایبەتی لەسەر رێگای (ئێم-4)ی كانتۆنی كۆبانێ، لەگوندەكانی خالدیە، مەلیك، هۆشان، مەشرفە و سەیدێ، پێنج بارەگای سەربازییان دروست كردووەو زۆر كات وەك خاڵی دەستپێكی هێرشەكانیان بەكاریدەهێنن.
لەئێستاشدا هێزەكانی توركیا بەدرێژایی شەش كیلۆمەترو بەرامبەر رێگای (ئێم- 4) دەستیانكردووە بەلێدانی كەندێ (خەندەق) و دەیانەوێت رێگاكە ببڕن.
شارەزایانی سەربازیی و چاودێرانی دۆخی ناوچەكە دەڵین، ئامانجی توركیا لەهەڵكەندنی ئەو كەندڕە گەمارۆدانی گرێ سپییە، تا لەداهاتوودا پەلاماری بدات، بەئاماژەی ئەوەی لەگەڵ دەستكردن بەهەڵكەندنی كەندڕەكەدا دەستیكردووە بەناردنی چەكی قورس بۆ ئەو ناوچانە.
لەلایەكی تریشەوە توركیا بۆ پتەوكردنی پێگەكانی خۆی لە تەل تەمر، دەستیكردووە بەلێدانی خەندەق و بەرزكردنەوەی ساترە خۆڵینەكان. لەوبارەیەوە ماڵپەڕی (خەبەر 24) بڵاویكردەوە كەهێزەكانی توركیا دوو ساتری جیا لەیەكیان بەرزكردووەتەوە، یەكەمیان لەباكوری رۆژئاوای ناحیەی زركان كەدەكەوێتە ناوچەكانی ژێردەستی توركیاو گروپە هاوپەیمانەكانی و لەسنوری توركیاوە لەنزیك گوندی (باب الفرج)ەوە دەستپێدەكات و ماوەی نێوان ساترەكە و ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا نزیكەی چوار كیلۆمەتر دەبێت، ساتری دووەمیش لەگوندی (السفح)ەوە بەرەو رۆژئاوا لێدەدرێت.
هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی دەربارەی دۆخی عفرین و چالاكییەكانی توركیا لەو ناوچەیە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سوپای توركیا، هەموو رۆژێك لەعەفرین مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات.
بەپێی راپۆرتەكە، لەمانگی ئازاردا، سوپای توركیا زیاتر لە (21) هاووڵاتی مەدەنییان لەشاری عەفرین و ناوچەكانی مابەتا، جندرێس، شێراواو راجۆ رفاندووە كەحەوت كەسیان ژنن و تائێستا چارەنووسی (14) كەسیان نادیارە.
روانگەی سوری لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، تاوانەكان لەعەفرین بەتەنیا لەلایەن سوپای نیشتیمانی ئەنجامنادرێن، بەڵكو ئەنجومەن و دەستەی مەدەنیش تاوان ئەنجامدەدەن.
سەرچاوەیەكیش لەعەفرینەوە بەڕوانگەی سوری راگەیاندووە، ئەنجومەنی هەرێمیی سەر بەسوپاو حكومەتی توركیا، بەڵگەكانی ئاژانسی حكومەتی سوریای رەتكردوەتەوە، كە بەپێی ئەو بەڵگانە، ئەو كەسانەی لەدەرەوەی عەفرینن جا چ ئاوارەبوون یان كۆچیان كردووە یاخود بۆ كارێكی تر چوونەتە دەرەوەی شارەكە، دەتوانن موڵكەكانیان بدەن بەخزمەكانیان و ئەوان سودیان لێببینن تا خۆیان دەگەڕێنەوە، بەڵام روانگەكە ئاشكرایكردووە كە ئەنجومەنەكە هەندێك بڕیار بەسەر دانیشتواندا دەسەپێنێت تا ئەو بەڵگانە هەڵبوەشێننەوە بۆ ئەوەی قبوڵ نەكرێن.
بەوەش خزمانی ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە یان ئاوارەبوون ناتوانن موڵك و زەوی كۆچبەرەكان بەكاربهێنن، ئامانجی ئەنجومەنەكەش لەو كارە ئەوەیە كە لەو بارەدا زەوییەكان بێخاوەن دەمێننەوەو بەوشیوەیەش هەموویان دەكەونە خزمەتی ئەنجومەنەكەو لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەكاردەهێندریت.
راپۆرتەكەی روانگەی سوری باس لەداگیركردن و وێرانكردنی زەوی كشتوكاڵیی و باخە زەیتونەكانی ناوچەكە دەكات لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارییە هاوپەیمانەكانیەوەو ئاشكرایكردووە كەچەكدارانی گروپی (سقور الشام)ی سەر بەتوركیا لەگوندی قزلباشی سەر بەناوچەی بلبلی عەفرین، زیاتر لە (400) داری زەیتونی هاووڵاتییەكیان بڕیوەتەوەو لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی ئابوریی سەر بەگروپی (سوڵتان موراد) دەستی بەسەر نزیكی (60) باخی دار زەیتونی هاووڵاتیانی هەرێمی مەیدانكێی سەر بەناوچەی شەرادا گرتووەو هاوكات لەناوچەی شیێ، چەكدارەكانی (فرقەی سولەیمان شام لە ئەلئەمشەت) دەستیان بەسەر زەوییەكی زۆری كشتوكاڵیدا گرتووەو داگیریان كردوون.
روانگەی سوری لەكۆتایی راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی:»پێشێلكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بەردەوامە، گروپە چەكدارییەكان هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی پێشێل دەكەن و هیچ هەوڵێكیش بۆ راوەستاندنی پێشێلكاریەكان لەبەرامبەر خەڵكی سوریا نادرێت.»
رۆژی شەممەش چەكدارەكانی (بەرەی شام) كە یەكێكە لەهاوپەیمانە نزیكەكانی توركیا دوو كەسی گوندی زیارای ناوچەی شێراوای عەفرینیان لەناوچەی عەزاز رفاند بەناوەكانی ماهیر خالید ئوسۆ تەمەن (20) ساڵ و موستەفا عەباس ئەحمەد تەمەن (22) ساڵ