په‌یامنێرانی بێسنور: له‌هه‌رێم هیچ سنورێک بۆ سزادانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌گرن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى له‌سه‌ر ئازادى کاری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا بڵاوکردۆته‌وه‌و له‌باره‌ی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌وانی‌و ئازادی ڕاده‌بڕین له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: "هیچ سنورێک بۆ سزادانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌گرن."

ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وشى ئازادى ڕۆژنامه‌وانی له‌ 180 وڵاتانى جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ %73ی وڵاتانى جیهان کێشه‌ى گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ ئازادى میدیادا هه‌یه‌.

ڕاپۆر‌ته‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ باسی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که‌ "له‌هه‌رێمى کوردستانى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆى باکورى عێراقدا، وا دیاره‌ هیچ سنورێک بۆ سزادانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌گرن".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌" ڕۆژنامه‌نوسان زیندانیى ده‌کرێن به‌تۆمه‌ته‌کانى سیخوڕیکردن یان ئاسایشى وڵات خستنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و دانپێدانانه‌ی له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ یان هه‌ڕه‌شه‌ وه‌رگیراون. هه‌ندێک له‌ڕۆژنامه‌نوسانى هه‌رێم له‌دۆخى ناڕوندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و گومانه‌ى که‌ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاربووه‌ له‌مردنیان، دوپات بۆته‌وه‌ به‌هۆى نه‌بونى هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى جدى له‌سه‌ر مردنیان."

ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه‌ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێک له‌بادینان به‌"تۆمه‌تى سیخورى و تێکدانى ئاسایش" سزاى شه‌ش ساڵ زیندانى کردنیان بۆ ده‌رکراوه‌ن سه‌ره‌راى هه‌وڵه‌ ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌بڕیارى سزادانیاندا، به‌ڵام تائێستا دادگاى پێداچونه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ر نه‌داوه‌.

هاوکات سه‌باره‌ت به‌عێراق، ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور ڕایگه‌یاندووه‌، ڕۆژنامه‌نوسانى عێراق ژیانى خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ کاتێک ڕوماڵى خۆپیشاندانه‌کان ده‌که‌ن یان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵى ده‌که‌ن. ئه‌و مه‌ترسییانه‌ له‌مانگى 10 ساڵى 2019 و له‌کاتی خۆپیشاندانه‌کانى دژه‌ حکومه‌ت زیاتر بووه‌.

هاوکات ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌" ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى ده‌وێرن ڕاپۆرت له‌سه‌ر داواکارى خۆپیشانده‌ران بکه‌ن ده‌بنه‌ ئامانجى هه‌راسانکردن، ڕفاندن، هێرشى جه‌سته‌ییو ته‌نانه‌ت کوشتنیش له‌لایه‌ن چه‌کداره‌ نه‌ناسراوه‌کانه‌وه‌."

"هه‌ڕه‌شه‌کان له‌هه‌مولایه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگریى بکرێت له‌ڕۆژنامه‌نوسان تا لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن یان ڕاپۆرت له‌سه‌ر ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه‌. ناوهێنانى که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان یان ئاینییه‌کان بابه‌تێکه‌ که‌ ده‌ستى بۆنابرێت‌و ده‌شێت ببێته‌ هۆى دادگاییکردن‌و داخستنى ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن به‌بیانوی بێ ڕێزیکردن به‌(سیمبوله‌ نیشمانى یان ئاینییه‌کانه‌وه‌"، راپۆرته‌که‌ى رێکخراوى بێسنور وا ده‌ڵێت.


ڕێکخراوى په‌یامنێرانی بێسنور وڵاتانی جیهانی به‌سه‌ر پێنج پله‌دا دابه‌شکردووه، تایبه‌ت ‌به‌ئازادی ڕاده‌ربڕین‌و کاری ڕۆژنامه‌وانی، به‌مشێوه‌یه‌: وڵاته‌ زۆر باشه‌کان، باشه‌کان، خراپه‌کان، زۆر خراپه‌کان‌و هه‌ره‌ خراپترینه‌کان.
پێنج باشترین وڵاتى جیهان له‌ڕوى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ن: نه‌رویج که‌ به‌پله‌ى یه‌که‌م هاتووه‌و پاش ئه‌وه‌یش فینلاند، سوید، دانیمارک‌و کۆستاریکا.

پێنج هه‌ره‌ خراپترین وڵاتیش بریتیه‌ له‌: ئه‌ریتیریا که‌ به‌پله‌ى 180هه‌مین هاتووه‌ پێش ئه‌وه‌شى کۆریاى باکور، تورکمانستان، چین‌و جیبۆتی.

ئێران‌و سوریاو عێراقیش ده‌که‌ونه‌ خانه‌ى وڵاته‌ هه‌ره‌ خراپه‌کان بۆ ئازادى ڕاگه‌یاندن، ئێران له‌پله‌ى 174هه‌مین وڵاتدایه‌ سوریا 173و عێراقیش 163.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار