ئەڵمانیا: دەبوو توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش بەبڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا ئازادبكرایە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بەرپرسی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا رایگەیاند "دەبوو توركیا سەلاحەددین دەمیرتاش بەپێی بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا ئازادبكردایە". 

باربێل كۆفلەر بەرپرسی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێ شەممە، 27نیسانی 2021لە ڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند "بەرپرسانی توركیا دەستیانكردووە بە گوشارخستنە سەر هەدەپە و ئەندامەكانی. ئێمە بە نیگەرانییەكی قووڵەوە سەیری پرۆسەی دادگاییكردنی زیاتر لە 100 سیاسەتمەداریان دەكەین بەهۆی دۆسیەی كۆبانێ كە لە ساڵی 2014 روویداوە".

دووشەممە لەسەر پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ١٠٨ کەسایەتی سیاسی كه‌ لە نێویاندا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یۆكسه‌كداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی تێدایە هەر یەک لەو ١٠٨ بەرپرسە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە دادگای سنجان دادگایی دەکرێن.

لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش بە بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا، باربێل دەڵێت، "دەبوو ئازاد بكرایە، كەچی نەكرا، ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەوروپا رەخنەی تووند ئاراستەی حكومەتی ئەنقەرە دەكەین."  

كۆفلەر پێی وایە، هەوڵدان بۆ كپكردنی دەنگ و هەڵوێستی سیاسیی، بنەما و پرەنسیبەكانی دیموكراسییەت لەبار دەبات. دەشڵێت، ئەڵمانیا لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی یاسایی توركیا دەكات و "داوا لە ئەنقەرە دەكەین پابەندی ستاندەرد و پرەنسیپەكانی دەوڵەتی یاسا بكات. رێز لە بڕیارەكانی دادگەی مافەكانی مرۆڤی یەكێتیی ئەوروپا بگرێت و پێویستە هەرچی زووە سەلاحەددین دەمیرتاش ئازاد بكات." 

بەرپرسی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا رەخنەی تووند ئاراستەی داواكاری گشتی كۆماریی لە ئەنقەرە دەكات و ئاماژە بەوە دەکات، لە تۆمەتنامەكەدا هەدەپە بەوە تۆمەتبار كراوە گوایە بانگهێشتی بۆ تووندوتیژی كردووە، بەڵام هەدەپە داوای لە لایەنگران و خەڵكی ناوچەكە كردووە هەڵوێستی سیاسیی روونیان لەبارەی رووداوەكانەوە دەرببڕن.

دوای ئەوەی داعش لە هاوینی 2014 گەمارۆی خستە سەر کۆبانێ و هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدا، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردەکانی باکوور داوایان لە حکومەتی ئەوسای تورکیا کرد، رێگە بەچوونی چەک و هاوکاریی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانانی یەپەگە بنێردرێت، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 

لە چەند شارێکی باکووری کوردستان لەسەر داوای هەدەپە خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند، بەڵام گرژییەکان رووی لە هەڵکشان کرد، بەهۆیەوە 46 سڤیل و پۆلیس کوژران و 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون و 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 بینا و بارەگای هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتی سووتێندران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار