"داهاتى هه‌رێم به‌ زیاده‌وه‌ به‌شى موچه‌ ده‌کات"

په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى: ته‌نها داهاتى ناوخۆ 350 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌..... له‌مه‌ودوا ئه‌م ناحه‌قیه‌ قبوڵ ناکه‌ین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى ‌

ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان، کۆى گشتى داهاتى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت و ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانى ئاشکراکرد که‌ زیاتر له‌ تریلۆنێک و 412 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌و ده‌شڵێت:" هه‌مو مانگێک حکومه‌ت ده‌توانێت به‌ زیاده‌وه‌ موچه‌ دابه‌شبکات له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستى جدیمان ده‌بێت و ئه‌م ناحه‌قیه‌ قبوڵ ناکه‌ین".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى ئایارى 2021 سه‌رکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی، رایگه‌یاند:"به‌و ئامارانه‌ بن که‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان خۆى بڵاوى ده‌کاته‌وه‌ ، که‌  430.000 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه‌ ده‌فرۆشرێت له‌ ڕێگایى تورکیاوه‌، حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ بڕى زیاتر له‌ 670.000.000 ملیۆن دۆلار که‌ نزیکه‌ى 991 ملیار دینار ده‌کات نه‌وتى فرۆشتوه‌، کۆى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمیش به‌ بێ لێبڕین 895 ملیار دیناره‌".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: "داهاتى ناوخۆ مانگانه‌ سه‌رو 350 ملیار دیناره‌ جگه‌ له‌ پاره‌ى هاوپه‌یمانان که‌ 27 ملیار دیناره‌".
هاوکات ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کات داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ى به‌ کۆمپانیا ناوخۆیه‌کان ده‌فرۆشرێت نزیکه‌ى 44 ملیار دیناره‌، مانگانه‌ش نزیکه‌ى 100 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ته‌نکه‌ر ده‌فرۆشرێت له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه‌ ئه‌و نه‌وته‌ قورسه‌ى ناکرێته‌ بۆریه‌وه‌.

سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ده‌شڵێت، کۆى گشتى داهاتى مانگانه‌ى هه‌رێم له‌ زارى خۆیانه‌وه‌ یه‌ک تریلۆن و 412 ملیار دیناره‌ و کۆى گشتى موچه‌ بێ لێبڕین 895 ملیار دیناره‌، ئه‌مه‌ش به‌بێ جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازی، "به‌ڕاست خێره‌ لێبڕینى موچه‌ به‌رده‌وامه‌؟".
په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ "خوا به‌ردارى نیه‌ حکومه‌ت به‌رده‌وامى بدات به‌ لێبڕینى موچه‌ و ده‌ستببات بۆ قوتى فه‌رمانبه‌ران، له‌ کاتێکدا ده‌توانێت هه‌مو مانگێک به‌ زیاده‌وه‌ موچه‌ دابه‌ش بکات نه‌ک لێیان ببڕێت".
ئه‌وه‌شى رونکردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیانوى حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ مانگانه‌ پاره‌ى حه‌قده‌ستى کۆمپانیاکان و کرێ بۆرى نه‌وت و قه‌رزى تورکیا 546 ملیار دینار ده‌بات که‌ گومانى زۆر له‌م خه‌رجى نه‌وته‌شدا بوونى هه‌یه‌" چه‌ند ساڵه‌ ده‌ڵاڵه‌کانى نه‌وت و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى بوارى نه‌وتى نزیک له‌و حیزبه‌ى ده‌ستیگرتوه‌ به‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وتى بون به‌ مۆرانه‌ به‌سه‌ر قوتى خه‌ڵکى کوردستانه‌وه‌، به‌ڵام له‌وکاته‌شدا ئه‌گه‌ر پاره‌ى حه‌قده‌ستى کۆمپانیاکان و کرێ بۆرى و قه‌رزى تورکیا ده‌ربکه‌ین ، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ 866 ملیار دیناره‌ و بۆ موچه‌ى موچه‌ خۆران خه‌رجبکه‌ن به‌رێژه‌ى 2% کورتهێنانى ده‌بێت نه‌ک 21%.

ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مان وه‌ک خۆى ده‌ڵێت بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و ناه‌قییه‌ قبوڵ ناکه‌ن"لێبڕینى موچه‌ که‌ ناحه‌قیه‌کى گه‌وره‌یه‌و ده‌رحه‌ق به‌ هاوڵاتیان ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر کۆتایى نه‌یه‌ت دڵنیابن له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستى جدیمان ده‌بێت و ئه‌م ناحه‌قیه‌ قبوڵ ناکه‌ین".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار