بنەماكانی ئیسلام لەكاری خێرخوازی پەیڕەو ناكرێت

مامۆستایەكی ئاینی: ئەو كەسانەی پارە دەبەخشن متمانەیان كەمبووەتەوە بۆیە رادەگەیەندرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

رۆژانە چەندەها پڕۆگرامی خێرخوازی لەكەناڵە تەلەفزیۆنیەكانی هەرێمی كوردستان پەخش دەكرێت، بەتایبەت لەمانگی رەمەزاندا زیاتر دەبێت، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» خێركردن دەبێت شاراوەبێت و ئەوەی ئێستا بنەماكانی ئیسلامی تێدا جێبەجێ ناكرێت»، بەڵام مامۆستایەكی ئاینی پێیوایە متمانە كەمبووەتەوەو ئەوەش هۆكاری ئاشكراكردنی كاری خێرخوازییە.

وەیسی سەعید ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەلیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «كاری خێرخوازی كارێكی زۆر پیرۆزە، بەتایبەت بووەتە نەریتێك خەڵكی ئێمە ساڵانە لەمانگی رەمەزانی پیرۆز ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئیسلام كۆمەڵێك پڕەنسیپی گرنگی داناوە، بەهیچ شێوەیەك ئەم كارە خێرخوازییە نابێت كاریگەری لەكەسایەتی مرۆڤەكان بكات، تەنانەت لەفەرمایشتێكی پیرۆزی پێغەمبەردا هاتووە دەستی راستە كە دەبەخشێت دەستی چەپە ئاگای لێ نەبێت، مەبەستەكە ئەوەیە دەبێت بەو شێوە بەشاراوەیی بێت».

هەروەها وتیشی:» بۆیە بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان بۆتە نەریتێكی ناشرین كە لەگەڵ پرەنسیپەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و مافی مرۆڤ یەكناگرێتەوە، زۆر خەڵك كاری خێرخوازی خۆی نمایش دەكات یاخود بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و چالاكی سیاسی بەكاری دەهێنێت».

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد ئێستا لەهەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بەكاری خێرخوازی نییە، زۆر گرنگە لەئایندەدا كار بۆ ئەو پرسە بكرێت، بەتایبەت بابەتی كۆكردنەوەی زەكات كەیەكێكە لە روكنەكانی ئاینی ئیسلام پێویستە بكرێتە پڕۆژەیاسا لەهەرێمی كوردستان و كاری لەسەربكرێت.

هەروەها پەرلەمانتارەكەی لیژنەی ئەوقاف پێشیوابوو «ئەگەر هاتوو ئەم بابەتە لەچوارچێوەیەكی یاسا رێكبخرێت ئەوە دەتوانرێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ئەم زەكاتە ساڵانە بەسەر خەڵكی پێویست و هەژارو كەمدەرامەت دابەشبكرێت، ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی رێژەی هەژاری كەمببێتەوە».

مامۆستایەكی ئاینی لەسلێمانی دەڵێت كەمبوونەوەی متمانە لەنێوان خەڵكدا وای كردووە كاری خێرخوازی بەئاشكرا بكرێت و ئەوەش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە.

مەلا ئەحمەد قامیشی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « بۆ ئەوەی ئەو كەسەی پارەكەی بۆ ناردوون بۆ ئەو رێكخراوە بەچاوی خۆی بەرهەمەكە ببینێ و بزانێت لەبەرئەوەی ئەمڕۆ متمانە زۆر كەم بووە، بۆ ئەوەی متمانەكە  بزانێت كە ئەمە ئەو پارەیەیە كە بۆ ئەو شوێنە خەرج كراوە،  هەم لەلایەكەوە دڵنیابێت كە ئەو پارەیە نەخوراوە، پاشانیش چالاكییە بۆ ئەو لایەنەی كە دەیكات».

دەربارەی دەركەوتنی رووخساری ئەو كەسانەی خێرو زەكات وەردەگرن، ئەو مامۆستا ئاینییە پێیوابوو پێویستە دەموچاوەكان بەتەواوی پیشان نەدرێت بۆ ئەوەی لەناو خەڵك بەچاوێكی دیكە نەبینرێن.

قامیشی وتیشی:»دەڵێت مرۆڤ كە راوەماسی بكات تەڕ دەبێت، تۆ ئەگەر داواكاری شتێك بكەی هەندێ شتیش هەیە دەبێت سەبری لەسەر بگری، یان ئەوەتا ئەو كەسە دەبێت قەناعەتی هەبێت و دان بەخۆیدا بگرێت، خۆ بەڵێ خێر بەنهێنی باشترە، بەڵام ئەو سیقەو متمانەیە نەماوە».

«ئەگەر حكومەتێكی ئیداری باش هەبێت ئەوا وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی دەبێت هەڵبسێت بەو شتانە ئەوە ئیشی ئەوانە، بەڵام چی بكەین ئەگەر ئەوە نەبێت لەوە چاكترمان دەستناكەوێت»، ئەو مامۆستا ئاینییە وای وت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار