قه‌ره‌یلان زانیارى له‌سه‌ر به‌رخودانه‌کانى گه‌ریلا به‌رانبه‌ر تورکیا ئاشکرا ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌موراد قه‌ره‌یلان، فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل(نه‌په‌گه‌)، له‌ ڤیدیۆیه‌کدا ده‌ڵێت 20 رۆژه‌ به‌رگریى ده‌که‌ن و به‌ڕاستى به‌رخۆدانێکى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

 موراد قه‌ره‌یلان، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ زانیاریى له‌سه‌ر به‌رخۆدانى گه‌ریلا له‌به‌رامبه‌ر داگیرکاریى و شوێنى شه‌ر دایه‌ به‌شداربوانى کۆنفرانسی"هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌یى دژى داگیرکاریی" و بانگه‌وازییشى ئاڕاسته‌ى حکومه‌ت و حزبه‌کانى باشوورى کوردستان و پارچه‌کانى دیکه‌ کرد.

موراد قه‌ره‌یلان، فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل(نه‌په‌گه‌) په‌یامێکى ڤیدیۆیى ئاڕاسته‌ى کۆنفرانسى ڕاوێژى هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌یى دژى داگیرکاریى ده‌وڵه‌تى تورک کرد، که‌ له‌لایه‌ن که‌نه‌که‌وه‌ ئاماده‌کاریى بۆکراوه‌ و له‌ ئێستادا له‌ڕێگاى تۆڕى زوومه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

قه‌ره‌یلان، له‌ سه‌ره‌تادا سوپاسى که‌نه‌که‌ى کرد بۆ ئه‌و ده‌رفه‌تى پێیداووه‌ و سڵاوى بۆ به‌شداربوانى کۆنفرانس نارد، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵدانه‌ى که‌نه‌که‌ى به‌ تێکۆشانێکى گرنگ و پێویست ناوبرد.

هه‌روه‌ها موراد قه‌ره‌یلان، به‌م جۆره‌ شرۆڤه‌یه‌کى گشتیى کرد: ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست شه‌ێ‌ هه‌یه‌، به‌ڕێبازێکى نوێ شه‌ڕى جیهانیى سێییه‌مه‌، هه‌موو که‌س ده‌زانێت، دواى ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوچه‌که‌ سه‌رله‌نوێ دیزاین ده‌کرێته‌وه‌، ده‌وڵه‌تانى داگیرکه‌رى کوردستان، له‌ هه‌ڵدان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ دیزاینى نوێدا کورد شوێنى نه‌بێت، په‌یمانى ١٠٠ساڵیى لۆزان، دوو ساڵى ماوه‌ و له‌ ٢٠٢٣ حوکمى نامێنێت، ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ر ده‌ڵێت، ‘له‌ لۆزاندا ئێمه‌ مافمان پێشێلکرا’، ئه‌ردۆغان خۆى ئه‌مه‌ى وت، بۆیه‌ ئاماده‌کاریى ده‌که‌ن، دواى په‌یمانى لۆزان، سنوورى میساقى میلـلیى له‌ڕووى سیاسیى و یاسایى و سه‌ربازییه‌وه‌ بخه‌نه‌ ڕۆژه‌ڤ.

هاوکات قه‌ره‌یلان، ڕوونیکرده‌وه‌، کاتێک ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت له‌ عه‌فرین هه‌تا سیده‌کان و خواکورک داگیر بکات و زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت، ئامانجى دروستکردنى بناغه‌ى ستراتیژیى میساقى میلـلییه‌.

موراد قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد، له‌ به‌رامبه‌ر پیلانه‌کانى ده‌وڵیتى سه‌رده‌ست و داگیرکه‌ر، پێویسته‌ ئێمه‌ى کوردیش خاوه‌ن ستراتیژیى هاوبه‌شى نه‌ته‌وه‌یى بین، ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسیى جدیى له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانمان دروست ده‌بێت.

فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل، جارێکى دیکه‌ جه‌ختیى له‌سه‌ر گرنگیى هه‌ڵوێستى ناوخۆیى کرده‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ هه‌ڵوێستیى ده‌ره‌کیى ڕه‌تکرده‌وه‌ و وتی: ئه‌م هێرشانه‌ به‌بێ پشتیوانیى هێزى نێوده‌وڵه‌تیى پێکنه‌هاتوه‌ و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌مریکا فڕۆکه‌ ناتوانێت به‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌دا بفڕێت.

قه‌ره‌یلان، تیشکى خسته‌ سه‌ر بێده‌نگیى حکومه‌تى هه‌رێم و وتی: حکومه‌تى هه‌رێم بێده‌نگه‌ و هه‌ڵوێستى نادیاره‌، بێده‌نگیى ڕه‌وایه‌تیى ده‌دات به‌ هێرشه‌کانى تورکیا و وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانیى بکات، چونکه‌ ئه‌و به‌ چه‌ک تانک و تۆپ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان، به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم بوه‌ێ‌ به‌ وته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک ده‌که‌ن، ده‌وڵه‌تى تورک ده‌ڵێت، ‘کێشه‌م له‌گه‌ڵ کوردنییه‌، بۆ په‌که‌که‌ دێم’، وادیاره‌ ئه‌وان باوه‌ێ‌ به‌و قسانه‌ ده‌که‌ن!.

موراد قه‌ره‌یلان، له‌ به‌رده‌وامییدا وتی: ده‌وڵه‌تى تورک بۆ ساڵێک و دوو ساڵ ناچێته‌ هیچ شوێنێک، پیلانى ماوه‌ درێژى هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌، تورک ٩٥٠ ساڵه‌ له‌ ئانادۆڵن، تا ئێستا چ به‌ڵێنێکیان به‌ کورد دابێت، جێبه‌جێیان نه‌کردوه‌، نه‌ له‌ سه‌رده‌مى عوسمانیى و نه‌ له‌ سه‌رده‌مى کۆمارى تورک، له‌کاتى هه‌ر سه‌رهه‌ڵدانێکدا، به‌ره‌یه‌کى کورد ده‌خه‌نه‌ پاڵ خۆیان و پێکه‌وه‌ به‌ره‌ى سه‌رهه‌ڵدان ته‌سفیه‌ ده‌که‌ن، بۆیه‌ باوه‌ڕکردن به‌ وته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌یه‌.

هه‌روه‌ها، ڕایگه‌یاند: حکومه‌تى هه‌رێم پشتى خۆیان به‌ ئه‌مریکا و یه‌کێتى ئه‌وروپا قایم ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ شوێنى خۆیدا نییه‌، ده‌وڵه‌تى تورک ساڵى ١٩٩٤ له‌به‌رچاوى ئه‌مریکا و ئه‌وروپا توانى قوبرس داگیر بکات و تا ئێستاش له‌وێیه‌، ئه‌مریکا گه‌مارۆى خسته‌ سه‌ر، به‌ڵام دواتر په‌یوه‌ندییه‌کانیان باش بوو، تورکیا ده‌ستکه‌وتى گه‌لى کورد به‌ مه‌ترسییدار بۆ داهاتووى خۆى ده‌بینێت، بۆیه‌ گوێ بۆ هیچ که‌سێک ناگرێت، ده‌بێت باوه‌ڕمان به‌ یه‌کێتیى خۆمان هه‌بێت، ده‌وڵه‌تى تورک به‌ده‌یان جار کوردى فریو داوه‌، یارییه‌کى گه‌وره‌ له‌سه‌ر گه‌لى کورد ده‌کات، ده‌بێت مرۆڤ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بناسێت و مه‌ترسییه‌کانى ببینن.

قه‌ره‌یلان، دووباره‌ جه‌ختى گرنگیى هه‌وڵه‌دانه‌کانى که‌نه‌که‌ بۆ یه‌کسخستنى هه‌ڵوێستى کورد کرده‌وه‌ و وتی: پێموایه‌، کاک مه‌سعود ئه‌و دۆخه‌ ببینێت، کاتێک هه‌وڵدان هه‌بێت، مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر گه‌لى کورد ده‌بینن، هاوسه‌رۆکان و به‌ڕێوه‌به‌رانى یه‌نه‌که‌ و به‌ڕێوه‌به‌رانى گۆڕان، چاودێریى دۆخه‌که‌ بکه‌ن و هه‌ڵوێستى پێویست نیشان بده‌ن، هه‌ندێک لایه‌نى سیاسیى وه‌ک زه‌حمه‌تکێشان و شیوعى هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕیوه‌، نه‌ک ته‌نیا باشوور، ده‌بێت هه‌موو پارچه‌کانى کوردستان، حزب هونه‌رمه‌ند و ڕۆ شنبیر هه‌وڵى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى بده‌ن، ئێمه‌ش وه‌ک په‌که‌که‌ بۆ هه‌موو فیداکارییه‌ک ئاماده‌ین، چى له‌ ئه‌ستۆماندا بێت، جێبه‌جێى ده‌که‌ین.

له‌ به‌شێکى ترى په‌یامه‌که‌یدا، قه‌ره‌یلان زانیاریى وردى له‌سه‌ر شه‌ڕى ٢٠ ڕۆژه‌ى نێوان گه‌ریلا و هێزى داگیرکه‌ر خسته‌ڕوو، “ئه‌و هێرشانه‌ى تورکیا، ئۆپه‌راسیۆنێکى ئاسایى نییه‌، سووپایه‌کى گه‌وره‌ى هێناوه‌ و چه‌ته‌ى سووریا ش تیایدا به‌شدارن، ته‌کنیکێکى زۆر به‌رفراوان به‌کاردێنن، به‌رده‌وام بۆردوومان ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا شه‌ێ‌ بکات، له‌ شه‌وى ٢٣ى نیسان هێرشى ده‌ستپێکرد، له‌ ڕۆژى کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌رمه‌نیی، وه‌ک ئه‌وه‌ى چى به‌سه‌ر ئه‌رمه‌ن هینا به‌سه‌ر ئێمه‌شى دێنێت، ئه‌مه‌ په‌یام بوو، به‌ڵام ئێمه‌ش ئاماده‌کارییمان کردبوو، ده‌مانه‌وێت هێزێکى پرۆفیسیۆناڵ ته‌کنیکى دووژمن تێکببه‌ین و شکست به‌ دووژمن بێنین، به‌رخۆدانێکى زۆر گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ین”.

وتیشی: له‌ هه‌ندێک شوێنى دووژمن له‌ شوێنى ڕۆژى یه‌که‌میه‌تى و هیچ پێشڕه‌ویى نه‌کردوه‌، له‌ هه‌ندێک شوین چه‌ند کیلۆمه‌ترێک هاتوه‌ته‌ پێش، به‌س شه‌ێ‌ به‌رده‌وامه‌.

موراد قه‌ره‌یلان به‌ نه‌خشه‌ زانیاریى له‌باره‌ى به‌رخۆدانى گه‌ریلا و ناوچه‌کانى شه‌ڕه‌وه‌ دایه‌ به‌شداربوانى کۆنفرانس، ڕوونیکرده‌وه‌ ڕه‌نگى سوور نیشانه‌ى هه‌بوونى ده‌وڵه‌تى تورک و زه‌رد گه‌ریلایه‌ له‌و ناوچانه‌.

هه‌روه‌ها، ڕایگه‌یاند، له‌ مه‌تینا، سوپاى داگیرکه‌ر هاتوونه‌ته‌ گردى زه‌ندۆرا، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ داگیرى بکه‌ن و ٢٠ ڕۆژه‌ شه‌ێ‌ له‌وێ به‌رده‌وامه‌، شه‌ڕى قورسیش له‌ ئاڤاشینه‌، گردى مام ڕه‌شۆى گرتوه‌، به‌ڵام هێشتا سه‌ێ‌ به‌رده‌وامه‌.

له‌ کۆتاییشدا جه‌ختیکرده‌وه‌، بۆ گه‌ریلا ئامانج سه‌رکه‌وتن و ئه‌نجامێکى مه‌زنه‌، ئه‌گه‌ر هاوکاریى بۆ گه‌ریلا هه‌بێت، داگیرکاریى تورکیا لێره‌ تێکده‌شکێت، هاوکارییش نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ درێژ بکیشێت، به‌ڵام ئامانج تێکشکاندنى داگیرکارییه‌”ئێمه‌ خه‌باتى ئێوه‌ به‌گرنگ ده‌بنینین و خه‌باتێکى پیرۆزه‌، باوه‌ڕمان هه‌یه‌ ئه‌نجامى هه‌بێت”.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار