حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خەریكی سەرمایەگوزارین

عەبدوڵا دارابی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رابەری حزبی حكمتیس بۆ هاوڵاتی:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

رابەری حزبی حكمتیست ئاماژە بەوە دەدات كەحزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاگایان لەچینی كرێكاران نییەو تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و «خەریكی سەرمایەگوزارین».

عەبدوڵا دارابی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رابەری حزبی حكمتیست لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»هیچ كام لەسەركردەكانی ئەمریكا جێگەی مەترسی نەبوون بۆ رژێمی ئێران و لەپێناو مافی كورد هیچكات رژێمی ئێرانیان سەركۆنە نەكردووە».

هەروەها لەبارەی هێرش و پەلاماری سەلەفییەكان لەشاری مەریوان و سەقز ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «سەلەفییەكان بەپاڵپشتی كۆماری ئیسلامی ژیاون و تێكۆشاون هیچ جێگاو پێگەو پێكەوەیی كۆمەڵایەتییان لای خەڵك نیە».

هاوڵاتى: ئێوە وەك حزبی حكمتیست لەكۆمەڵە جیابوونەتەوە، ئامانج و بەرنامەی ئێوە چییە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان؟

عەبدوڵا دارابی: (30) ساڵ پێش ئێستا لەكۆمەڵە جیابووینەوە، لەسەدا 80ی كۆمەڵە بووین و  لە 1991 حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێرانمان پێكهێناو پاشان دوای (14) ساڵ لەئەوانیش جیابووینەوەو حزبی كۆمنیستی كرێكاری حكمتیست-مان پێكهێنا و لەوكاتە تائێستا لەئێراندا كاری چڕوپڕمان كردووە و ئاوات و ئامانجی و مەبەستی ئێمە رزگاری چینی كرێكارە لەئێران.

بەچەشنێك ئیش دەكەین كرێكاران خۆیان سەروەر بن و بتوانن بەدەسەڵات  بگەن و لەناوەندی بڕیارداندا بن، خۆیان چارەنووسی  ژیانی خۆیان لەكوردستان و لەئێرانیشدا دیاری بكەن، رێكخستنەكانی ئێمە نەك تەنیا لەئێران، لەبەشێك لەوڵاتانی دیكەشدا هەیە. 

هاوڵاتى: هێزی چەكدارتان هەیە وەك حزبەكەی خۆتان؟

عەبدوڵا دارابی: ئێمە هێزی چەكداری ئاشكرامان نیە، بەڵام هەركات پێویست بكات ئەو هێزەمان بەڕێكخراوی لەناو خەڵكدا دەهێنینە ناو مەیدان، چونكە ئێستا خەباتی چینایەتی و كۆمەڵایەتی لەئێراندا هەموو رۆژیك بەئاشكرا دەبینێت، بۆیە ئێمە لەئێستادا هێزی چەكدار بەكارناهێنین، ئەو هێزە كاتێك بەكاردەهێنین كەپێویست بێت.

هاوڵاتى: حزبەكانی رۆژهەڵات رەخنەیان لێدەگیرێت كە یەكهەڵوێست نین و لەناو بەرەیەكدا پێكەوە نین؟

عەبدوڵا دارابی: پێمانوایە ئاوات و ئامانجی حزبە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران هەمان سیاسین كەئێستا لەكوردستانی عێراق بەڕێوەدەچن نەك هیچی تر، چوون ئەم حزبانە بەئاشكرا بۆ بەرژەوەندی و قازانجی حزبایەتی خۆیان و سەرمایەدارانی كورد لەكوردستانی ئێران خەبات دەكەن.

تائێستا چینی كرێكار  كەزۆرینەی خەڵكی كوردستانن بەڕەسمی ناناسن و دان بەمافەڕەواكانیان نانێن، چونكە تەنیا ئامانجیان ئەوەیە خۆیان بەدەسەڵات و پلەو پایە بگەن، ئەم سیناریۆیە هەموو خەڵكیش بەئاشكرا دەیبینێت.

بۆیە خەڵكی كوردستانی ئێران نایەوێت سیناریۆی كوردستانی عێراق، لەئێرانیش دووبارە ببێتەوە. 

هاوڵاتى: لەسێدارەدان بەردەوام رۆژانە لەئێراندا هەیە، بەشێكی دۆسیەكانیش لەسەر دۆسیەی كوردبوون و خەباتكردنە، كە هەندێك جار جاشەكان هاوكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانن بۆ ئاشكراكردنی رێكخستنەكانی كورد؟

عەبدوڵا دارابی: لەنەزەری خەڵكی ئێران و كوردستاندا یەكەمین دوژمن، كۆماری ئیسلامی ئێران و بەكرێگیراوی كوردو تورك و فارس و عەرەبن.

هەموان دەزانن رێكخەری سەرەكی بەكرێگیراوان لەئێران كۆماری ئیسلامییەو تاوانبارانی یەكەم پێش بەكرێگیراوان سەرانی ئەم رژێمەن، دۆسیەكانی لەسێدارەدانی خەڵك بەخاتر كورد بوون یاخود فارس و تورك بوون نیە، چونكە  ژمارەی لەسێدارەدراوانی فارس و تورك زۆرترن لەكورد.

رژێمی ئێران بەم شێوەیە پێناسە ناكرێت، چونكە رژێمێكی مرۆڤكوژو خوێنمژە و هەركەس دژی بێت و موخالفی لەگەڵ بكات بەدۆسیەی دوژمن بوون دەیگرێت و دەیكوژێت.

هاوڵاتى: ئەم ماوەیە دووجار سەلەفیەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هێرشیان كردۆتە سەر خەڵك؟ ئامانج چیە لەو هێرشانە؟

عەبدوڵا دارابی: ئەم سەلەفیانە لەسەرەتای سەرهەڵدانیان بەناوی خێرخوازەوە خۆیان پیشاندەدەن و تێدەكۆشن و خۆیان بەهێزدەكەن، دواتر وەك داعش رەفتار دەكەن و هیچ جیاوازییان نیە، بەغدادی كەخۆی  ئیخوانی بوو. سەرەتا هاتن بەناوی دینەوە پارەیان دەدا بەخەڵك، تا بەلای خۆیاندا رایانكێشن. بەڵام ئەمانە ئێستا خۆیان ناساندووە و خەڵك دەیانناسێت، بەپاڵپشتی كۆماری ئیسلامی ژیاون و تێكۆشاون بەناوی ریفۆرمخواز  باڵی ریفۆڕمخوازی رژێم بەهێز بكەن، بەڵام ئێستا هەردوو باڵی رژێم بەر رق و توڕەیی خەڵك كەوتوون گڵۆیان كەوتۆتە لێژی و وەك گروپێكی فشار دەیانەوێت خۆیان بەخەڵكدا نیشانبدەن تا بەم چەشنە بتوانن لەدواڕوژی جمهوری ئسلامی پاریزگاری  لەسەروەت و سامانیان بكەن، مێژووی ئەمانە لەكوردستانی ئێران زۆر رەش و خۆیناویەو هیچ جێگای پێكەوەیی كۆمەڵایەتییان لای خەڵك نیە.

هاوڵاتى: هەندێك كات ئێران خۆی سەلەفییەكان دەستگیر دەكات؟

عەبدوڵا دارابی: راستە ئەوە دەبینریت، بەڵام لەڕاستیدا لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەكرێن، چونكە ناتوانن بێ جمهوری ئێران یەك رۆژ بمێننەوەو بێ حیمایەتی ئەوان ناتوانن دەست بەرن بۆ خەڵكی ئێران، بەڵام كاركردنی سیستمی جمهوری ئێران وایە كەسی خۆشی دەستگیردەكات، بۆیە لەوانەیە جار بەجار كەسانێكیان لێ دەستگیر بكات.

هاوڵاتى: خەڵكی كوردی رۆژهەڵات تاكەی ئەمە لەسەلەفییەكان قبوڵ دەكەن؟

عەبدوڵا دارابی: خەڵك تائێستا هیچی لەسەلەفییەكان قبوڵ نەكردووەو نایكات. تەمەنی ئەمانە گرێدراوە بەتەمەنی رژێمەوە، رژێم بڕوخێت خەڵك بەهیچ شێوەیەك ئەم كۆنەپەرستانە قبوڵناكات، خەڵك هەر ئێستاش كە رژێم پاڵپشتیان نەكات تەحەمولیان ناكەن، لەمەریوان بینیمان چییان بەسەرهێنان، ئەو دەسەڵاتەی هەیانە تەنیا بەپشتگیری رژێمەوەیە.

هاوڵاتی: دوای هاتنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا جۆو بایدن، ئێران بەم شێوازەی ئێستای بەردەوام دەبێت؟

عەبدوڵا دارابی: بەبیروڕای من  هیچكام لەسەرۆكە كۆن و نوێكانی ئەمریكا جێگای مەترسی نەبوون بۆ رژیمی ئیسلامی ئێران، ترەمپ هیچكات دروشمی رووخانی رژیمی ئیسلامی ئێرانی هەڵنەگرتووەو لەپێناوی پیشێلكردنی مافی كورد لەئێراندا  هیچكات رژیمی ئێرانیان سەركۆنە نەكردووە، ئەمریكا تەنیا ئەوەی لەڕژێمی ئێران دەوێت كەوەك بوكەڵە لەمشتی بێت و بەگوێی بكات. بەڵام ئێستا كەخەریكە حكومەتی ئیسلامی ئێران دەڕووخێت تەنیا چینی كرێكارو خەڵكی ئازادیخوازی ئێرانن نەك ئەمریكا.

هاوڵاتی:  ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵات پێكەوەبن و هەرسێ مانگ جارێك كەسێك  سەرپەرشتی بكات، ناتوانرێت یەك وتاری دروستبكرێت؟

عەبدوڵا دارابی: یەكگرتنی ئەم حزبانە نە دەكرێت و نە گونجاویشە، چونكە هەریەكەیان بەرژەوەندی خۆی دەوێت، حزبایەتی زۆربەی بازرگانییە، بۆیە زۆربەیان كاردەكەن بۆ داهاتووی خۆیان لەئێراندا، بۆیە ناتوانین لەگەڵ ئەو حزبانەدا یەك بین و پێكەوە كاربكەین، بۆیە یەك وتاری ناكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار