مەسرور بارزانی: عێراق حوکمڕانێکی باشی هەبێت دەبێتە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری بەسرە کۆبوەوە و رایگەیاند، عێراق لە ڕوی سامانی مرۆیی و سروشتییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئەگەر حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش هەبێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە، ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ دوشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرە کرد، لە دیدارەکەدا کە ئاراس حەبیب کەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بو، پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوەدا، زۆر سودیان لە ئەزمونی سەرکەوتوی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو وتانە ڕاست نین کە هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتوە". 
پاڕیزگاری بەسرە جەختی لەوە کردەوە، "حکومەتی عێراق، فیدراڵییە نەک ناوەندی، بۆیە پێویستە هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداربن لە دەسەڵات و بڕیارداندا و ناکرێت عێراق، بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببرێت". 

 سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەربڕی و دوپاتیشی کردەوە کە عێراق، لە ڕوی سامانی مرۆیی و سروشتییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئەگەر حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش هەبێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە، ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی ناوچەکە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار