وه‌زیری كشتوكاڵ مژدەی ساغكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆ دەداتە جوتیارانی هەرێم

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند" ژمارەیەک لێكتێگه‌یشتن واژۆکراون و لەبەرژەوەندی جوتیاران ئه‌نجامی گرنگ و به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه" دەڵێت " لەمەودوا رێگاكان كراوەن بۆ هەناردەكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم له‌په‌یامێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "رۆژی دووشه‌ممه له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌دا، یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتنمان له نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان واژۆكرد، به‌ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌ماهه‌نگی و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كان له سێكته‌ری كشتوكاڵدا".
باسی لەوەشکردوە، "خۆشبه‌ختانه له‌م یاداشتنامه‌یه‌دا ئه‌نجامی گرنگ و به‌رچاومان به‌ده‌ستهێناوه، كه هه‌مو هه‌نگاو و بڕیاره‌كان له پێناو خزمه‌تی گشتی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدان".
دوێنێش وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم جەختی كردەوە، دوای هەوڵە بەردەوامەكانیان بەمەبەستی ساغكردنەوەو هەناردەكردنی بەرهەمەكانی ناوخۆی جوتیاران بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق، لەمەودوا رێگاكان كراوەن بۆ هەناردەكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
