500 هەزار ڤاکسینی چینی دەگاتە عێراق

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
باڵیۆزی عێراق لە چین ڕایگەیاند “ بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڕی 500 هەزار ڤاکسینی سینۆفارمی چینی بگاتە عێراق و بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش دەڵێت: لەسەرەتای مانگی داهاتوودا هاوردەکردنی ڤاکسینی فایزەز (10) هێندە زیاتر دەکەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە، 1ی حوزەیرانی 2021 ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق، لە زاری شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لەوڵاتی چین، ڕایگەیاند “ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 500 هەزار ڤاکسینی سینۆفارمی چینی دەگاتە عێراق، ئەو بڕەش بەشێکە لەو دوو ملیۆن دانەیەی کە پێشتر لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گرێبەستێک لەو بارەیەوە واژوو کراوە”.
هاوکات ڕوبا فەلاح، بەپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیەندووە “لەسەرەتای مانگی تەموزی داهاتوودا ژمارەی ڤاکسینی هاوردەکراوی جۆری فایزەر (10) هێندە زیاد دەکرێت” ڕوونیشیکردوەتەوە کە وەزارەتەکەیان، ئەو جۆرە ڤاکسینانە هاوردە دەکات کە خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە “وەزارەتی تەندروستی گرێبەستیشی لەگەڵ وڵاتی ڕوسیا واژوو کردووە بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی سپۆتنک”.
