وەزارەتی تەندروستی گیانلەدەستدانی توشبوویەكی "كەڕووی ڕەش" ڕەتدەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى ‌

دوای ئەوەی  تەندروستى سلێمانى گیان لەدەستدانى یەکەم توشبووى پەتاى کەڕووى رەشى راگەیاند،  وەزارەتی تەندروستی هەرێم رەتیدەكاتەوە و دەڵێت" حاڵەتەكە گوماناوی بوە،  بەهۆى وەستانى دڵیەوە گیانى لەدەستدا، نەخۆشى دڵ و شەکرەى لەگەڵدا بووە، هێشتا دیار نییە بەهۆى کاریگەرى کەڕووى رەشەوە مردووە یاخود نا".

ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی حوزەیرانی 2021  هێرش سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى  ئەمڕۆ یەکەم توشبووى کەڕووى رەش کە دوو هەفتە بوو لەژێر چارەسەردا بوو بەهۆى وەستانى دڵیەوە گیانى لەدەستدا.  

وتیشى "توشبووەکە تەمەنى78 ساڵ بوو، جگە کەڕووى رەش، نەخۆشى دڵ و شەکرەى لەگەڵدا بووە، هێشتا دیار نییە بەهۆى کاریگەرى کەڕووى رەشەوە مردووە یاخود نا، بەڵام حاڵەتەکەى سەخت بووە".  

مانگى رابردوو، توشبوویەکى کۆرۆنا لە سلێمانى دواى چاکبوونەوەى نیشانەکانى کەڕووى ڕەشى لەسەر دەرکەوت کە ماوەیەکە بەشێوەیەکى بەرفراوان لە هیندستان بڵاوبووەتەوە و بە "کوشندە" دادەنرێت.  

هاوكات  وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە، هیچ حاڵەتێكی فەرمی مردن بەنەخۆشی كەڕوی رەش لە سلێمانی تۆماركرابێت. 

ئاسۆ حەوێزی، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە:" هاوڵاتیەك دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە 10 رۆژ لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی مردوە، گومانی لێدەكرێت هەڵگری نەخۆشی كەڕوی رەش بێت، چونكە بەهۆی وەستانی لێدانی دڵەوە مردوەو نەخۆشی دڵی هەبوە."

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ تەندروستی سلێمانی قسەی كردوە و ئەوانیش پێیانڕاگەیاندوە:"حاڵەتەكە گوماناوی بوە، چونكە ئەو كەسانەی سیستمی بەرگری جەستەیان لاوازە چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكرێت توشی كەڕوی رەش بن."

پەتاى "کەڕووى ڕەش" بەهۆى چەند بوونەوەرێکەوە دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت Mucorales کە لە ڕێگەى هەناسەدان و پێستەوە دەتوانن بچنە جەستەى مرۆڤەوە، بەشێوەیەکى سروشتى لە خۆڵ و ماددەى ئۆرگانى شیبووەوەدا هەن، هەرکاتێکیش چووە ناو جەستەوە دەتوانن گیرفانە هەواییەکانى پشتى لوت و ئێسکى کوڵمەکان نێوان چاوەکان و ددانەکان تووش بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار