فڕۆكەی درۆنی گەریلا؛ مۆتەكەی سوپای توركیا

دژی سوپاكەی ئەردۆغان پەكەكە شەڕی چڕ دەباتەوە ناو خاكی توركیاو تفەنگ دەگۆڕێت بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان

4 ساڵ لەمەوپێش




 

هێمن حەسەن

 

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شەڕ لەهەرێمی كوردستانەوە دەباتەوە ناو خاكی توركیا، شەڕ لە تفەنگەوە دەگۆڕێت بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەدژی سوپای توركیا، فەرماندەیەكی پەكەكەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» بە فڕۆكەی درۆن زیانی زۆریان لەسوپای تورك داوە».

هێرشی گەریلاكانی پەكەكە بەفڕۆكەی (درۆن) بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئامەدو باتمان لەباكوری كوردستان نوێترین جۆری ئەو شەڕە نوێییە كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەدژی سوپای توركیا دەستیپێكردوە، ئەم تەكنیكە نوێیەش زۆرترین زیان لەتوركیا دەدات و كەمترین زیانی گیانی بۆ گەریلاكانی پەكەكە دەبێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە كە پەكەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن و لەئاسمانەوە شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا چڕ كردووەتەوەو ئەو شەڕەش بەفڕۆكەی درۆنە كەچەند وڵاتێك هاوكاریی پەكەكە دەكەن.

چەند شارەزایەكی سەربازی توركیا بۆ ئەو میدیایانە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەڕاهێنەرانی هۆڵەندیو ئەمریكی سەرپەرشتی چۆنێتی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و درۆنی پەكەكەیان كردووە، بەوەش پەكەكە توانیویەتی سەركەوتن لەبەكارهێنانی ئەو فڕۆكانەو پێكانی ئامانجەكانیان بەدەستبهێنن.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن پەكەكەوە كە بەمدواییە چەند چالاكییەكیان لەناوەوەو دەرەوەی توركیا دژ بەسوپای توركیا ئەنجامدا بڵاویكردووەتەوە، پەكەكە خاوەنی (41) جۆر لەفڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نموونەییە.

میدیاكانی توركیا باسیان لەوەش كردووە كە پەكەكە فڕۆكەكانی لەوڵاتی ئیماراتەوە بەدەستگەیشتووەو داواكاری بۆ دەسخستنی (120) فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دیكە پێشكەشكردووە.

«پەكەكە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی پێیگەیشتووە لەڕێگەی ناوچەی سلێمانیی و پاشان رەوانەی مەخموور كراونو دوای ماوەیەك، پارچەكانی فڕۆكەكان لەهەردوو ناوچەی مەخموور لەهەولێرو رەققە لەڕۆژئاڤای كوردستان بەستراون»، بەپێی میدیای خەبەر تورك.

لەبەرامبەردا پەكەكە ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات، چۆن توركیا دەستی بەچەكی پێشكەوتوو دەگات پەكەكەش دەستی پێدەگات و ئێستا خاوەن چەكی پێشكەوتووە، جەختیش دەكاتەوە بەنیازیشن لەڕووی چەك و تەكنیكی شەڕەوە پەرەی زیاتر بەخۆیان بدەن.

 گابار ئامەد یەكێكە لەفەرماندەكانی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »دەوڵەتی تورك هەموو هەوڵێكی ئەوە دەدات بزانێت كە ئەو فڕۆكانە چۆن بەدەستی گەریلا كەوتووە، كاتێكیش كەدەزانێت گەریلا توانای هەموو شتێكی هەیە تۆمەت دروستدەكات و دەڵێت لەفڵان وڵات دەیكڕێت».

گابار ئامەد، وتیشی:» ئێستا گەریلا وەك ساڵانی رابردوو نییە، بەڵكو چەكی پێشكەوتووی لەبەردەستە، ئەمە مافێكی ئاسایییە پەكەكە چۆن و لەكوێ ئەو چەك و فڕۆكانەی دەستدەكەوێت».

 «لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا تائێستا زیاتر لە (60) فڕۆكەی درۆنی توركیان خستووەتە خوارەوە بەڵام توركیا تەنیا چوار فڕۆكەی گەریلایان خستووەتە خوارەوە، ئەوانیش دوای ئەوەی كە ئامانجی خۆیان پێكاوە»، گابار وا دەڵێت.

یەكەمجار پەكەكە لە 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەدژی سوپای توركیا بەكارهێنا، لەدوای ئەو چالاكیەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان،  توركیا لەبەشێكی زۆری بنكە سەربازییەكانیدا، سیستەمی تێكشكاندنی فڕۆكە درۆنەكانی جێگیر كردووە، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە. لەتێكشكاندنی ئەو فڕۆكانە، چونكە بەشێكی زۆریان رادار نایانخوێنێتەوە.

بنكەی سەرەكیی هەشتەمی سوپای توركیا لەئامەد تائێستا دووجار كەوتۆتەبەر هێرشی درۆنەكانی پەكەكەو دوای ماوەیەكی كەم، بنكەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لەباتمانو بنكەی فەرماندەی فیرقەی (23) لەشڕناخ، لەلایەن درۆنەكانی پەكەكەوە هێرشیكراوەتەسەر.

میدیاكانی توركیا ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە لەو هێرشانەی كە بەفڕۆكەی درۆن ئەنجامدراون ئامانجی خۆیان پێكاوەو زیانی گیانی و ماددی بەسوپای توركیا گەیاندوە.

شاهۆ مەتین یەكێكی دیكەیە لەفەرماندەكانی هەپەگەو ئاماژە بەوە دەكات، فڕۆكە درۆنەكانی گەریلا سەرجەم ئامانجەكانی خۆیان پێكاوەو زیانی زۆریان لەسوپای توركیا داوە، «ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە جۆری شەڕی گەریلایان بەهێزترو كاریگەرتر كردووە و سوپای تورك تووشی شۆك بووە».

شاهۆ مەتین ئەوەشی خستەڕوو لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە (40) هێرشی ئاسمانییان بەفڕۆكەی درۆن كردوەتەسەر سوپای توركیا لەناو خاكی باشورو باكوری كوردستاندا كەسەرجەمیان ئامانجەكانیان پێكاوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان لەلایەن سوپای توركیاوە پێكراون، بەڵكو سەرجەمیان گەڕاونەتەوە دەستی گەریلا.

هاوكات ئەو فەرماندەیەی هەپەگە وتیشی:» گەریلا لەدوو مانگی رابردوودا هێرشەكانی لەناو باكوری كوردستاندا چڕكردووەتەوەو دەمانەوێت مەیدانی شەڕ لەباكور بەهێزتر بكەینەوەو گەریلای زیاتر رەوانەی ناو خاكی توركیا كراوەو دەكرێت».

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پرسیاری ئەوەی كردووە، چۆن دەبێت هێزێكی وەك پەكەكە، كەبەردەوام لەلایەن سوپای توركیاوە هێرشی دەكرێتەسەر ببێتە خاوەنی ئەو تواناو تەكنەلۆژیایە، كێش سەرپەرشتی راهێنانی گەریلاكانی ئەو هێزەی بۆ بەكارهێنانی فڕۆكە درۆنەكان كردووەو چۆن چۆنی ئەو تەكنەلۆژیایە گەیشتۆتە دەستیان.

هاوكات بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری توركیا لە راپۆرتێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە پەكەكە ئەكادیمیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی درووستكردووەو راهێنان بەگەریلاكانی پەكەكە دەكات كە چۆن بۆمب لەو فڕۆكانە ببەستن و بنكە سەربازییەكانی توركیا بكەنە ئامانج.

بەهەمان شێوە توركیاش بەشێكی زۆری لەهێرشەكانی دوو ساڵی رابردووی لەسوریاو لەسنورەكانی هەرێم لەدژی پەكەكە بەفڕۆكەی درۆن ئەنجامداوە، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە شەهید بوون كە توركیا بەو فڕۆكەیە كردونییەتە ئامانج.

شاهۆ مەتین فەرماندەكەی هەپەگە، ئەوەش ئاشكرا دەكات، لەداهاتوویەكی نزیكدا بەهەموو توانای گەریلاوەو بەفڕۆكەی درۆنیشەوە لەناو خاكی توركیادا سەركەوتنی مێژوویی رادەگەیەنن بەسەر سوپای توركیادا، دەشڵێت» ئێستا گەریلا توانای دروستكردنی فڕۆكەی بێفرۆكەوانی هەیەو پێویستی بەدەوڵەتان نییە، بۆیە دەوڵەتی ئەردۆغان لەترسی ئەمە تۆمەت دەخاتە پاڵ وڵاتان».

وەك دوو فەرماندەكەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) جەختیان لەوە كردەوە ە بەهۆی فڕۆكەی درۆنەكانیانەوە تائێستا نزیكەی (50) سەربازی توركیاو (22) تانكیان تێكشكاندووە، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەركەوتوویی بەكارهێنانی ئەو فڕۆكە بێفرۆكەوانانەی كە لەلایەن گەریلاوە بەكارهێندراون.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لەكاتی بەكارهێنانیان لەشەڕەكانی سوریا، لیبیاو ئازەربایجان ناوبانگێكی زۆریان دەركرد، پێشتریش توركیا ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی بەئۆكرایناو قەتەر و ئازەربایجان و چەند وڵاتێكی دیكە فرۆشتووە.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لەچاوپێكەوتنێكدا كە چەند رۆژی رابردوو بڵاوكرایەوە رایگەیاند»راستە دەوڵەتی تورك خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شەڕكەرە، بەڵام گەریلاش رۆژبەڕۆژ بەشێوازو تاكتیكو توانای شەڕی خۆی كاریگەری ئەم تەكنۆكۆژیاو چەكو فڕۆكانە بۆ سەر خۆی كەمدەكاتەوە».

هاوسەرۆكی كەجەكە باس لەوەشدەكات كە، ئەوەی لەگارە روویدا گەریلا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەو ئیرادە مەزنەی هەیبوو شەڕێكی سەركەوتوو تاكتیكی داهێنەرانەیان كرد» تاكتیكو شێوازی شەڕی گەریلا لەتوانایدا هەیە لەداهاتوودا چەكە پێشكەوتووەكانی توركیا بێكاریگەر بكات».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار