ئیسرائیل: ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەرمان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند " ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل.
بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لۆید ئۆستن، هاوتا ئەمریکییەکەی رایگەیاند، ئێران هێشتا بەردەوامە لە پەرەدان بە چەکە ئەتۆمییەکانی و هەروەها پڕچەککردنی میلیشیاکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
گانتز قسەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد و وتی: "ئیسرائیل لەڕێگەی ئەمریکاوە لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننایە و پێکەوە لە ژورە داخراوەکاندا بە ئامانجی هاوبەشیان دەگەن کە بریتییە لە رێگریکردن لە ئێران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئێران بە گەورەترین کێشە و هەڕەشە زانی و وتی: "ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل"
وڵاتانی 4+1ی بەشدار لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتننامەکە، کە لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە. هەروەها دەیانەوێت ئێران رازی بکەن پابەندبێت بە رێککەوتنەکە.
وڵاتانی 4+1 تاوەکو ئێستا پێنج جار بە جیا لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەش رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو.
