حكومەت بۆ پەرلەمان: ناتوانین لەدانیشتنەکاندا ئامادەبین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حكومەتی هەرێم لە وەڵامی نوسراوێكی پەرلەمانی كوردستاندا كە داوای ئامادەبونی دو لیژنەی چاكسازیی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی كردوە، دەڵێت، ناتوانن ئامادەبن بۆیە پێشنیار دەكەن لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان سەردانیان بكەن.
پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوی رەسمی داوای ئامادەبونی لیژنەی چاكسازی شەهیدان و ئەنفالكراوان و لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كردوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی چۆنیەتی بەڕێوەچونی كارەكانیان، بەڵام حكومەت لەوەڵامی پەرلەماندا وتویەتی، ناتوانن ئامادەبن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنوسراوێكی رەسمیدا كە ئیمزای ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، وەڵامی داواكەی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو وتویەتی، لیژنەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان "ناتوانن ئامادەبن، بۆیە پێشنیار دەكەن (لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی) لە پەرلەمانە بەڕێزەكەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری شەهیدان لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەروەها لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە دیوانی وەزارەت بكەن."
یەکی ئەم مانگە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبونەوەی پەرلەمان و حکومەت پەیوەست بە موچە رایگەیاند، "بڕیاربو 2ی حوزەیران لەسەر دو بابەت کۆبونەوە بکەین، یەکەمیان تایبەت بە چارەنوسی خوێندن، حکومەت وەڵامی دابوەوە کە هەردو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەنێرێت، بەڵام پەرلەمانتاران داوای ئامادەبونی وەزیری دارایی و ئابوریان کرد بەهۆی ئەوەی لەو کۆبونەوەیە باسی دامەزراندنی وانەبێژان دەکەین، باسی هەندێک کێشە دەکەین کە پەیوەندی بە پەروەردە هەیە بە گشتی".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، "ماوەی هەفتەیەکمان داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێمانباشە ئامادەی ئەو کۆبونەوەیە ببن و پێمان بڵێن هۆکارەکانی دواکەوتن و لێبڕینی موچە چین و لەسەر ئەو بنەمایە قسەی خۆمان بکەین، لە نێوان 2ی حوزەیران و 10ی حوزەیراندا کە ئەو بابەتە لە ساڵی 2014ەوە هەیە هیچ رونادات".
