ئەمریکا 80 ملیۆن ڤاکسین دەداتە وڵاتە هەژارەکان
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، تا کۆتایی ئەم مانگە زیاتر لە 80 ملیۆن ڤاکسین دەداتە وڵاتە هەژارەکان.
جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا لە رێگەی میکانیزمی کۆڤاکسی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاکسین دەداتە وڵاتانی دیکەی جیهان, کە پێویستیانە و ئەو کارەش بەبێ هیچ ئامانج و مەرجێكی پێشوەختە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە 75٪ی بڕە ڤاکسینەکانی وڵاتەکەی کە لێیان زیادە دەداتە ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان پێیەتی ئەوەش لە رێگەی میکانیزمی کۆڤاکسی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدەدات.
بەگوێرەی پلانەکەی بایدن، ئەمریکا 18 ملیۆن دانە ڤاکسین دەداتە کۆڤاکس و کە 6 ملیۆنی بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا، 7 ملیۆن بۆ وڵاتانی ئاسیا و 5 ملیۆن بۆ ئەفریقیا.
تاوەکو ئێستا کەمتر لە 76 ملیۆن ڤاکسین لەڕێگەی کۆڤاکسەوە دراوەتە وڵاتە هەژارەکان و رێکخراوی تەندرووستی جیهانی داوا لە وڵاتە ساماندارەکان دەکات هاوکاری زیاتری وڵاتە هەژارەکان بکەن.
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هاووڵاتی خۆی بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتاوە، تاوەکو ئێستا 170 ملیۆن کەس لەو وڵاتە قورچکی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، 135 ملیۆن کەسیش هەردوو قورچکەکەیان وەرگرتووە.
