وەزیرى کشتوکاڵی عێراق: گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمدا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیرى کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەربەستەکان زیاتر پەیوەندى بەبودجەوە هەبوو کە گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا کە زۆربەى کێشەکانى ساڵانى ڕابروو لەپرسى کشتوکاڵ و خاڵە سنورییەکان چارەسەر دەکات.
محەمەد کەریم خەفاجى، وەزیرى کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى(اهع) ڕاگەیاند، دواى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان خشتەیەکى کشتوکاڵى نوێیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمدا داناوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بەروبومە کشتوکاڵیەکان لە باکورەوە بۆ باشور بەپێى وەرزى بەرهەمهێنانیان.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕێککەوتنەکەیاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڕى پێویستى بەرهەمى ئاژەڵیش بەردەست دەبێت، چونکە بەڕێژەى 30% بەرهەمهێنانى عێراق لە هەرێمەوەیە.
خەفاجى باسی لەوەشکردوە، لێتێگەیشتن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان و ڕادەستکردنى بەروبومەکان لەهەرێمەوە دواى کۆنتڕۆڵکردنیان هاتوەتە ئاراوە و بەپێى ڕێککەوتنەکەش ڕێگە بەهاوردەکردنى "عەلەف" لە هەرێمەوە دەستکەوتێکە و هەروەها لەسەر زۆر پرسى ترى پەیوەندیداریش ڕێککەوتن کراوە و خاڵى پەیوەستبونى نێوان هەرێم و فیدراڵ دیاری کراوە و ڕێککەوتنەکەش زۆربەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى ساڵانى ڕابردو لەو پرسانەدا چارەسەر دەکات.
لەبارەى بەربەستەکانیشەوە، وەزیرى کشتوکاڵ ئەوەشى خستوەتەڕو، بەربەستەکان زیاتر پەیوەندى بەبودجەوە هەیە لەوانە نەدانى شایستە داراییەکانى جوتیاران و هەروەها پاڵپشتى نەکردنى وەزارەت بەدابینکردنى پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.
