نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكاری زیانلێكەوتووانی كەمپی شاریا دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند  لەگەڵ دەسەڵات و سەرجەم هاوبەشەكانیاندا كاردەكەن بۆ هەڵبژاردنی رێگەی دروست بۆ دابینكردنی یارمەتی بۆ ئەو خێزانانەی كە بەهۆی ئاگرەكەوە زیانیان پێگەیشتووە.

كۆمیسیۆنەكە لە پەیامێكدا كە لە هەژماری تویتەری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عیراق بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە: "خەمبارین بەو ئاگرەی كە لە كەمپی شاریا تایبەت بە ئاوارەكان لە دهۆك كەوتەوە و بووە هۆی سووتاندنی ٤٠٠ خێوەت".

كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوان لەگەڵ دەسەڵات و سەرجەم هاوبەشەكانیاندا كاردەكەن بۆ هەڵبژاردنی رێگەی دروست بۆ دابینكردنی یارمەتی بۆ ئەو خێزانانەی كە بەهۆی ئاگرەكەوە زیانیان پێگەیشتووە.

لە پەیامەكەدا ئەوەش هاتووە: "لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی و دانیشتووانی كەمپەكە كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ رێگەگرتن لە روودانی ئەو جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ سەرجەم برینداران دەخوازین".

دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی، ئاگرێك لە كەمی شاریا لە پارێزگای دھۆك كە ئاوارە ئێزدییەكان تیایدا نیشتەجێن، كەوتەوە. بە وتەی ھاووڵاتییەكی نیشتەجێی كەمپەكە، ئاگرەكە بەھۆكارێكی نادیار كەوتووەتەوە.
پارێزگاری دهۆك، عەلی تەتەر لەبارەی زیانەكانی ئەو ئاگرەی كە لە كەمپی شاریا باشووری پارێزگای دھۆك كەوتەوە ئاشكرایكردبوو، لەو بەشەی كەمپەكەدا كە ئاگری گرتووە، ٣٧٠ خێوەت سووتاون كە ١٨٤ خێزان تیایاندا نیشتەجێبوون كە سەرجەمیان ٩٩٤ كەسن و سەرجەم كەلوپەل و سامانیان سووتاوە.

كەمپی شاریا دەكەوێتە باشووری پارێزگای دهۆك و هاووڵاتییانی ئێزدیی تیادا نیشتەجێیە كە بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال لە هاوینی ٢٠١٤دا، ئاوارە بوون و لەو كەمپەدا گیرسانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار