لە سلێمانی خۆپیشاندان دەستی پێکرد
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
لە شاری سلێمانی شۆفێرانی تاکسی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندانایان ئەنجامدا و داوا دەکەن کە نرخی بەنزین داببەزێنرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە ٥ی حوزەیران 2021 لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا رێگای سەرەکی شەقامی بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی دابخەن.
بڕیار جەلال ١٢ساڵە شۆفێری تەکسییە لەناو شاری سلێمانی بە هاوڵاتی وت:« ئەو ناهەقییە قبوڵ ناکرێت، لەبری سوککردنی ئەرکی سەرشانی خەڵک بەردەوام نرخی شتومەک و پیداویستیە سەرەکیەکان گران دەکەن, بەتایبەتیش بەنزین کە زۆر لە نرخی خۆی گرانتر بوە و بۆتە بارگرانیەکی زۆر بەسەر ئێمەی شۆفێرەوە».
وتیشی«خۆی خەڵکەکە تەکسی بەکارناهێنێت بۆ هاتوچۆکردن، چونکە موچە نیە و پارەکە کەم بووە،جا بەنزینیش گگرانتر بکرێت، ئێمە ناچار دەبین کرێ تەکسی بەرز کەینەوە کە ئەوەش وا دەکات خەڵک بەتەکسی هاتوچۆ نەکات».
ئەم شۆفێرە جەختی لەوەشکردەوە«تاکە شت کە زۆر ناخۆشە ئەوەیە بازرگانیەکی زۆر بە نرخی بەنزینەوە دەکرێت و ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن سەر و بنی دەسەڵاتن».
ئەو شۆفێر تاکسیانە جەخت دەکەنەوە کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و داوا دەکەن کە بەنزینخانەی تایبەت بۆ تاکسییەکان دابنرێن و نرخی لیترێک بە 500 دینار بفرۆشرێت.
بەهۆی ئەوەی شەقامەکەیان داخستبوو، بەشێك لە شۆفێرانی دیکە بوو بەشەڕیان لەگەڵ شۆفێرانی تاکسیدا و داوایان دەکرد شەقامەکە بکرێتەوە و ئەوانیش ناڕازی بوون و جەختیان لەوە کردەوە تا وەڵام دەدرێنەوە ئامادەنین شەقامەکە بکەنەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی دیکە نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و نرخی لیترێک بەنزینی جۆری نۆرماڵ بۆ 700 دینار بەرزبووەتەوە.
