بافڵ تاڵەبانی بۆ پرسی موچە دەگاتە بەغدا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی بەرهەم ساڵح و شاندی یەکێتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جەختکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستور و یاسا و پاراستنی مافی ھاوڵاتیان و موچەخۆران.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 6 حوزەیرانی 2021 سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆکراوە.
دەقی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق:...
سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٦/٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆکرا. لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە بەھێزکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەکایەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دووپاتکرایەوە لە گرنگی پتەوکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و ھێنانەدی داواکارییە رەواکانی خەڵک. ھەر لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی دیالۆگی جددی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان، بەتایبەتی کێشەکانی خەڵک.
