"لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد لەگەڵ گۆڕان هەنگاوێکی گرنگمان نا"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:" لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگمان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەمو لایەنەکانی تریش دەدەن کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن".

لاهور شێخ جەنگی لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئۆرلیک شانون، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک، لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی دووپاتدەکاتەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە پێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاوڵاتییان.

لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەبارەی کۆبونەوەکەوە نوسیویەتی، "نیگەرانی خۆمان خستەڕو لەو بارگرژییانەی کە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان جەختمان کردەوە، کە یەکێتیی پشکی شێری بەردەکەوێت لە خستنەگەڕی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پابەندبونی هەردولا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستور، لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی موچەخۆران و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان".

ئاماژەی بەوەشکردوە،هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی شانە نوستوەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە کە دەتوانرێت لەو ناوچانە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە کۆتایی بەو گروپە تیرۆریستییانە بهێندرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراقەوە لاهور شێخ جەنگی نوسیووتی ، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن ئامانجەکانيان بەدی بهێنین و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکەن، "هەر بۆیە یەکێتیی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دور لە دەستێوەردانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی".

ئەوەشی خستەڕو، یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، "لەو چوارچێوەیەشدا و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگیان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەمو لایەنەکانی تریش دەدەین کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار