بەریتانیا قاچاخچییەکی کورد سزا دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، قاچاخچییەکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەناران لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، قاچاخچییە کە "ئارمان یوسف رەحمانی"ە و تەمەنی ٢١ ساڵە.
ئاماژەی بەوەشداوە، قاچاخچییەکە بەنیاز بووە لە فەرەنسا و بەلجیکاوە کۆچبەرەکان بۆ بەریتانیا بپەڕێنێتەوە، لە کاتی گەیشتنیاندا بۆ سنوری بەریتانیا ئەفسەرانی هێزی سەرسنوری بەریتانیا لۆرییەکانیان پشکنیوە و توانیویانە ١٢ کۆچبەری عێراقی خوار ١٨ ساڵیان بدۆزنەوە.
دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە، کریس فیڵیپ وەزیری یاسا و بڕیاردانی کۆچی بەریتانیا رایگەیاندووە، "وەک پەنابەرێک رەحمانی بێڕێزی بە یاسای بەریتانیا کردووە، لە کاتێکدا بەریتانیا ئارامی و پاراستنی بە رەحمانی بەخشیوە."
دەزگاکە باسی لەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان، وەک سزایەک بۆ کردارەکەی پاش تەواو بوونی سزاکەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.
