ڕەئیسی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پیرۆزبایی لێ دەکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەریەک لە سەرۆک و بەرپرسانی ئێران لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان و سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی  لە هەڵبژاردنەکان پیرۆزبایی ڵێ دەکەن.

 حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پیرۆزبایی سەرکەوتن سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی کرد.

ئەمڕۆ شەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بەپێی ماڵپەڕی روسیا تودەی  لە بارەگای دادوەری چاوی بە ئیبراهیم ڕەئیسی کەوت و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لێکرد و باسی لە "بەشداری چڕ لە هەڵبژاردنەکاندا و کاریگەریان لە بەهێزکردنی هێزی وڵات " کرد.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لێ دەکات و ڕایگەیاند، "پێویستە لەمەودوا هەموان لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو کار بکەن"، هاوکات بە "پیاوێکی عەقڵانی ناوبرد، کە بە باشی سەرۆکایەتی وڵات دەکات".

هاوکات لە راگەیاندراوێکدا، عەبدولناسر هیممەتی کە تەنیا رکابەری ریفۆرمخوازی ئیبراهیم رەئیسی بوو رایگەیاند: "پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران. خەڵکی نەجیب و سەرفرازی ئێران چاوەڕوانییەکی بەجێیان هەیە کە ژیانێکی لێوانلێو لە ئومێد، ئارامی و خۆشگوزەرانییان هەبێت".

هیممەتی لە پەیامەکەیدا ئومێد دەخوازێت کە حکومەتەکەی رەئیسی "بە هەنگاوەکانی خۆی لە گۆرەپانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و لەژێر رێبەریی ئایوتوڵڵا خامنەیی رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و کاری باشتر بۆ گەلی گەورەی ئێران دەستەبەر بکات".

 ئیبراهیم رەئیسی دەنگی زیاتر لە 17.800.000 هاوڵاتی بەدەستهێناوە لەکۆی ئەو 28 ملیۆن دەنگدەرەی کە بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردوە.

لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا 28 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا کردوە و تا ئێستاش 90%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار