"هەژماری بانكی نەخۆشخانەی هیوا زیاتر لە ٥٠ ملیاری تێدایە"
"مانگانە لە داهاتی هاتووچۆی سلێمانی زیاتر لە ملیارێك دینار دەخرێتەسەر هەژماری بانكی نەخۆشخانەی هیوا"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی جهخت دهکاتهوه هەژماربانكی نەخۆشخانەی هیوا زیاتر لە ٥٠ ملیاردی تێدایە ودەشلێت "مانگانە لە داهاتی هاتووچۆی سلێمانی زیاتر لە ملیاردێك دینار دەخرێتەسەرهەژماری بانكەکە".
ئەمڕۆ شهممه 19ی حوزهیرانی 2021، بەختیار محمد، عەقید لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی لە ڕێگەی نامەیەكی كراوەوە، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كردووە ڕایگەیاند:" لە ئێستادا دۆخی نەخۆشخانەی ھیوا لەوپەری خراپیدایە، تاکار گەیشتۆتە ئەوەی پیتاک وخێر سەدەقە و کەمپینی بۆ ڕێک و کۆبکرێتەوە.
لە نامەكەدا نووسیویەتی: بەندە وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە و قەرزدارباری ئەو نەخۆشخانەیە، لەھەمان کاتدا ئەفسەرێکی ھاتووچۆم و بەئاگام لەوەی کە مانگانە و تاکو ئێستا لەداھاتی ھاتووچۆی سلێمانی سەرووی ملیار دینار دەچێتە سەر هەژماری نەخۆشخانەی ھیوا و ھەر لەئێستاشدا زیاتر لە پەنجا ملیارد دینار لە هەژماریدا بوونی ھەیە، بۆیە ئەگەر وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بەئەرک و ڕۆڵی خۆتان ھەستن ھیچ پێویست بەو ھەڵا ئیعلامییە ناکات، کە دەکرێت بەناوی ھیوا و خێر و سەدەقەی کەسی ناوێت.
ئاماژەی بەوەکردووە، یاسای ژمارە ١١ی ساڵێ ٢٠١٢ بڕگەی ٩ لە ٥٪ی داھاتی ھاتووچۆی تەرخان کردووە بۆ ھاوکاری سندوقی شێرپەنجە و لیژنەیەکی دیاریی کردووە بۆ خەرج کردنی ئەو پارەیە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام نازانم ھۆکار چیە لێژنەی ناوبراو بەم کارەبۆچی ھەڵناسن؟
لە بارەی چارەسەری دۆخی نەخۆشخانەكەوە دەڵێت: ئەرکتانە لەئێستادا و بەپەلە ھەستن بە کارا کردنی ئەم کەیسە و لیژنەیەکی دەست نیشان و دیاری بکەن بۆ ھەر پارێزگایەک بەجیا و بەمەرجێک دەسەلاتی خەرجی ئەو ئەژمێرانەیان ھەبێت وباش وایە بەسەرۆکایەتی وئەندامێتی پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندرووستی پارێزگارەکان و بەرێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کان پێک بھێنرێت.
لە كۆتایی نامەكەدا بۆ دەستەی سەرۆكایەتی نووسیوە: ئێوە بەرپرسیارن بەرامبەر بەخودا وگەل ومێژوون بۆیە دواکارم لێتانە بێنە سەر خەت و بەشدار بن لەکەم کردنی ئازار وکۆژانی نەخۆشانێک کەتەنھا خوا و ئاگادارە لەحاڵ و گوزەرانیان.
