ماناکانی کشانەوە لەئەفغانستان

سەردار عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

کەئەم بابەتە دەنوسم، بەوتەی ئەمریکییەکان، ٩٠%ی سوپای ئەمریکی لەئەفغانستان کشاوەتەوە. کشانەوەکە بەجۆرێکە کەهەندێک بەهەڵاتنی لە قەڵەمدەدەن. بۆ نموونە چەند شەوێک لەمەوپێش سوپای ئەمریکی بەبێ ئاگاداری سوپای ئەفغانی بنکەو فڕۆکەخانەی باگرامیان جێهێشت، لەڕۆژبونەوەودا سوپای ئەفغانی لێی بە ئاگابووەوە. باگرام گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی بوو لەئەو وڵاتە،  ئەم کشانەوەیە چەندین مانای جیاوازی هەیە لەئاستی جیاوازدا، هەوڵ دەدەم لێرەدا بەکورتی ئاماژەیان پێبدەم و پاشان ئەگەری کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە بخوێنمەوە.  سەرەتا ناوەوەی ئەمریکا، ئەمریکا پاش یانزەی سیپتەمبەر بۆ کۆمەڵێک ئامانج روویکردە ئەفغانستان.

یەکەم، دەبوو شتێک بکات لە وەڵامی رووداوی دوو تاوەرەکە.

دووەم، قاعیدە بەدوژمنی ئەمریکا ناسێنراو دەبوو سەرۆکەکەی بکوژرێت.

 سێیەم، چۆن ئەمریکا ئەفغانستان وەها لێبکات کە جارێکی تر نەبێتە ئەو جێگایەی کە دژایەتی ئەمریکای لێوەبکرێت؟ وەڵامی ئەمریکا بۆ ئەمە ئەوەبوو کە ئەفغانستان بکات بە دیموکراسی و بازاڕی ئازاد.  ئەمریکا لەتێکشاکان و گرتنی ئەفغانستاندا خێرا و سەرکەوتوو بوو. بەڵام لەوەی چۆن ئەو وڵاتە بگۆڕێت بۆ وڵاتێک کە لەبری پانتاییەک بۆ دژایەتی ئەمریکا، دۆستایەتی ئەمریکا بکات، دوای بیست ساڵ شکستی هێنا. پلانی ئەمریکا بۆ کشانەوە هەتا یانزەی سیپتەمبەری داهاتوو، کە دەکاتە یادی بیست ساڵەی ئەو رووداوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی دیموکراسی و بڵاوەکردنی دیموکراسی، کە پاش جەنگی سارد گەشەی کرد، بەرەو مردن دەچێت،  لەناوەوە ئەمریکاییەکان بێزارو ماندوبوون لەم پرسەو سوپا بەدەست هێرشەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە دەیانناڵاند.

دەرئەنجامی ئەمە چەمکی شەڕی ناکۆتایە کەوەک نەفرەتلێکراوک دەبینرێت. پاش ئەفغانستان ئەمریکا هات بۆ عێراق. لەڕاستیدا هاتن بۆ عێراق پلان و خەونێکی کۆنی ئەو نوخبەیە بوو کە لەگەڵ بۆشی کوڕدا هاتن بۆ سەر دەسەڵات و بەپارێزەرە نوێکان دەناسرێن. هەر چەند کاژێرێک پاش هێرشی یانزەی سیمپتەمبەر کەسێکی وەک رامسفێڵد بانگەشەی بۆ هێرشی عێراق دەکرد. عێراق ئەگەر لە ئەفغانستان خراپتر نەبێت باشتر نیە. بۆیە لە حەڤدەی تەمموزی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی، دوای زیاتر لەدەیەیەک هەوڵدان، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری رووخسەت پێدانی سەرۆکی ئەمریکی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەعێراق هەڵوەشاندەوە. بڕیارەکە (٢٦٨) بەڵێ بەرامبەر (١٦١) نەخێر بوو. دیارە هێشتا ماویەتی بۆ ئەوەی ببێت بەفەرمی، دەبێت لە ئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێت. لەشانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٢ کۆنگریسی ئەمریکی بڕیاری رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکرد، کە رێگەی دەدا بە سەرۆکی وڵات هێز بەکاربهێنێت بەرامبەر عێراق. دیارە لەبڕیارەکەدا بەهیچ شێوەیەک وشەی دیموکراسی نەهاتووە، بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر سەرپێچییەکانی عێراق و مەترسییەکانی دەکاتەوە.  خواستی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەتایبەتی کاری پێکەوەیی هەردوو پارتی نەیار، دیموکرات و کۆمارییەکان، دەرخەری ئەو راستییەیە کە زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بەم قۆناغەی ژیانی سیاسی ئەمریکی و جۆری ئامادەبوونی ئەمریکا بدات لەدونیادا. ئەمریکا ناتوانێت ببێت بەئیمپراتۆرییەت، هەرچەندە نیازیشی باش بێت. ئەم دۆخە لەچەندین ئاستی جیاوازدا مشتومڕی زۆری دروستکردووە. بۆ نموونە، دیموکراسی و ئیمپراتۆرییەت پێکەوە هەڵناکەن، یان، لیبرالیزمێک کە دەیەوێت دونیا بکاتە هاوشێوەی خۆی، ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، یان دیموکراسی بەزەبر نابێت و زۆر مشتومڕی تر. بەڵام دوو گۆڕانکاری لەدوو ئاستی جیاوازدا کاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخە هەبووە. یەکەم، ئەمریکا لەناوەوە گۆڕاوە.  چاودێری دیاری ئەمریکی جۆرج پاکەر لەدوا کتێبیدا بەووردی باسی ئەم گۆڕانکارییە دەکات. دوایین باشترین هیوا: ئەمریکا لەسەردەمی قەیران و نوێبونەوەدا. Last Best Hope: America in Crisis and Renewal.  بۆ پاکەر سەردەمانێک هەبوو کاتێک کەسێک دەیگوت من ئەمریکیم مانایەکی روونی هەبوو، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەویتر. بەڵام ئەمڕۆ ئەم خۆناساندنە بە ئەمریکی چیدی ئەو مانایەیەی نییە. ئەمریکا چیدی خاوەن یەک شوناس یان یەک بوونی گشتی نیە، بەڵکو ئەمریکا چەندین ئەمریکایە. لای پاکەر چوار جۆر لە ئەمریکایی بوون بوونی هەیە، کە هەریەکەیان دژ بەئەویترە. ئەمریکایەکی رێگنی،. کە بڕوای بە ئەمریکا کۆنسێرڤەتیڤە تەقلیدییەکە هەیە کە تاقانەو براوەیە لەدونیاداو سیستەمەکەی باڵاترە لەهەموو ئەوانیتر. ئەوەی ئەمڕۆ هەڵگری ئەم دیدەیە کۆمارییە تەقلیدییەکانن. ئەمریکایەک هەیە کە ئەمریکای تەکنۆخوازە کلینتۆنییەکانن. ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە خاوەن بڕوانامەی باڵاو کاری باش و گلۆبالیستن. خەڵکێک کە کۆسمۆپۆلیتانن و رقیان لەتوێژی خوارەوەی ئەمریکییە، کە وەهایان دەبینن فاشی و دواکەوتوون و ناتوانرێت باش بکرێن. رەنگە هیچ دەربڕینێک هێندەی چەمکی deplorable ی کە بەمانای قێزەوەن دێت هیلەری کلینتۆن دەربڕی ئەم خواستە نەبێت. هیلەری ئەم دەربڕینەی بۆ وەسفی نەیارەکانی بەکارهێنا، بەتایبەتی دەنگدەرانی ترەمپ. ئەوان ئەو جۆرەکەی تری ئەمریکایین کە هەست دەکەن، ئەمریکای ئەمرۆ هیچ دەرفەت و سودی بۆ ئەوان تیادا نەماوە. جۆرێکی تری ئەمریکایی بەڕای پاکەر ئەوانەن کە داوای دادپەروەری دەکەن. ئەمانە ئەندامی کەمینەکانن، بەتایبەتی خەڵکانی رەش پێست. لە حەفتاکانەوە لە زانکۆکانی ئەمریکادا دیدێک باوە کە بە دیدی تیورەی رەخنەیی رەگەز ناسراوە، رەنگە دەربڕی خواستی ئەمان بێت. ئەمڕۆ ئەم دیدە وەک دژە سپی و رەگەزپەرست دەبینرێت، لە لایەن توێژی باڵاوە . لەئاستی دەرەوەدا ئەمریکا نەیارو ڕەکەبەری هەیە و چیدی ناتوانێت وزەی خۆی لەجێگاکانی وەک عێراق و ئەفغانستاندا سەرفبکات. سەرقاڵی زۆری ئەمریکا لەم ناوچانەو جەنگی ناکۆتای دژ بەتیرۆر، هۆکارێکی سەرەکی هەڵکشانی ئاشتیانەی چین بوو، وەک لەکتێبەکەمدا دەربارەی چین بەووردی باسمکردووە.  کشانەوە لەئاستی ناوچەکەدا کۆمەڵێک مانای هەیە:

یەکەم، کۆتایی هاتن بەخەونی دیموکراسی بوون و بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگاکان. دیموکراسی ئەگەر پاشخانی کەلتوریی نەبێت دروست نابێت. دیارە جۆرێک لەیاری دیموکراسی لەنێوان هێزە نادیموکراتەکان لەئارادایە، کە بە ئامانجی دیموکراسی نیە هێندەی بەئامانجی ئیدارەدانی قەیرانەکانیانە لەنێوان خۆیان و دونیادا. بۆ نموونە بوونی کەسێکی لاوازی وەک کازمی بەسەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشێکە لەیاری نێوان هێزە عێراقییەکان، کە خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەن، هەتا هیچ هێزێک بە تەنها باڵادەست نەبێت چونکە رەنگە ئەوانیتر لەناوببات. بۆیە کەسێکی بێدانی فرەوێژی وەک کازمی دادەنێن، کە لەهەمانکاتدا رۆژئاوا وەهای دەبینێت کە کەسێکی لیبرال و سەر بەڕۆژئاوایە. کاتێک گوێم لەنێردراوی ترەمپ بوو بۆ عێراق باسی لەئەوە دەکرد کە سەرکەوتوو بوون لەدانانی کازمی، پێکەنیم بە عەقڵی دەهات.

دووەم، کشانەوەی خێرای ئەمریکا بەو جۆرە لە ئەفغانستان بووەتە هاندەرێک بۆ نەیارەکانی تری کەئەوانیش دەتوانن وەک تاڵیبان بکەن. ئەمە بەڕوونی لەعێراقدا دەبینین، بە تایبەتی کاتێک ئێران خاوەنی یارییەکەیە. چەند رۆژێک لەمەوپێش کاتێک سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ئێرانی حسین تایی گەشتە بەغدا، دەستوبرد کوردو سوننە پەیامیان لەڕێگای بۆمب و درۆنەوە بۆ نێردرا. پەیامەکە بەڕوونی بۆ ئەوەبوو کە ئەمریکا دەڕوات و نابێت پشتیوانی بکەن.  کەواتە ڕۆشتنی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی فشاری زیاتر بۆ سەر ئەمریکا لەناوچەکە.

 

هەندێک وڵات، کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان بوو، داوای ڕۆشتنی ئەمریکایان دەکرد، وەک روسیا بۆ نموونە، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا دەڕوات، ئەوان نیگەرانن. ئەم دووفاقییە دەرخەری ئەوەیە کە ئەفغانستان دەبێتە ناوەندێکی ناسەقامگیرو مەترسی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە

 

سێیەم، هەندێک وڵات، کاتێک ئەمریکا لە ئەفغانستان بوو، داوای ڕۆشتنی ئەمریکایان دەکرد، وەک روسیا بۆ نموونە، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا دەڕوات، ئەوان نیگەرانن. ئەم دووفاقییە دەرخەری ئەوەیە کە ئەفغانستان دەبێتە ناوەندێکی ناسەقامگیرو مەترسی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هەندێک لە لایەنگرانی تیورەی پیلانگێڕی وەهای دەبینن کە ئەمریکا لەبەر ئەم هۆکارە کشاوەتەوە، بەتایبەتی کە ئەفغانستان لەچین و روسیاوە نزیکە.

چوارهەم، هەموو ئاماژەکان وەها دەریدەخەن، ئەفغانستان دەگەڕێتەوە دۆخی پێشتر. بەو شێوەیە دەبێتە وڵاتێکی داخراوی ناسەقامگیر، بەڵام لێرەدا تەنها یەک فاکتەر گۆڕاوە، ئەویش چینە. جاران کە تالیبان لە سەر حوکمبوو، چین لاوازبوو، بەڵام ئێستا چین زۆر بەهێزە و ئامانجی ئەوەی هەیە کە بەدوای کانزا بەنرخەکاندا بگەڕێت لەئەو وڵاتە، بۆیە ئەگەری هەیە تاڵیبان و چین پەیوەندی باشیان هەبێت و دەست لەکاروباری یەکتر نەدەن بەڵام بازرگانی بکەن.  پێنجەم، بەکشانەوەی ئەمریکا یان نەمانی چالاکی لەعێراقدا، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی بخرێتە خانەی تیرۆرەوە. ئەمەش زیاتر ئەو رێکخراوانە هاندەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وڵات بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار