لەبەرامبەر كوژرانی هاووڵاتییەكی بەریتانی

وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیمانی تۆڵەكردنەوە لەئێران دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



كاوە ڕەش

دۆمینك رۆب،وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە : بەریتانیا ئیدانەی ئەو هێرشە نایاسایی و ناڕەوایە دەکات کەکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی لەکەنارەئاوییەكانی عومان، کە بووەهۆی کوشتنی هاوڵاتییەكی بەریتانیی و كەسێكی رۆمانی.

وەزیر دەڵێ: ئێمە لەو بڕوایەداین كەئەو هێرشە لەلایەن ئێرانەوە بەئەنقەست، ئامانج دراوە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێونەتەوەییە لەلایەن ئێرانەوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەریتانیا، گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامەی کەئێران لە 2ی تەمموزدا، هێرشی کردۆتەسەر (ئێم ڤی مێرسەر) لەئاوی نێودەوڵەتی عومان، بەبەکارهێنانی درۆنی ئاڕاستەكراو لەئاسمانەوە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هۆشداری بەئێران دەدات و دەڵێ:  پێویستە ئێران کۆتایی بەو جۆرە هێرشانە بهێنێت و رێگری لەدووبارەبوونەوەی بكات. هەروەها رێ بەکەشتییەکان بدات کە بەئازادانە بەئاوە نێودەوڵەتییەكاند رێ بکەن كەبەیاسا رێپێدراوە.

بەریتانیا، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کاردەکات لەسەر وەڵامێکی هاوبەش،  بۆ ئەو هێرشە ناپەسەندەی ئێران، لەكاتێكی گونجاودا.

راگەیاندنی ئەو بەیاننامەیەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەدوای ئەوە بڵاوبووەتەوە، كەگفتوگۆو پەیوەندی نێوان وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل، یار لاپیدو، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەنجامدراوە، لەسەر هەڵوێستی هەردوولا لەمەڕ هێرشی تاران و كوژرانی هاووڵاتییەكی بەریتانیی لەناو ئەو كەشتییەی ٢٩ی  تەمموز كرایە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێ، هاوبەشە بەریتانییەكەم ئاگادا كردۆتەوە لەسەر وەشاندنی گورزی سەربازیی بۆ سەر تاران.

وەزیر ئاماژەی بەوەشداوە كەئێران بەتەنها کێشەیەکی ئیسرائیلی نییە، بەڵکو هەناردەکاری تیرۆرو هۆكاری وێرانکردن و ناسەقامگیرییە بۆهەموومان و ئازاری گشت لایەكی داوە،  بۆیە پێویستە جیهان لەبەرامبەر كارە تیرۆریستیەكانی  ئێران، چیتر بێدەنگ نەبێت.

هەریەكە لەبەریتانیاو ئەمەریكا پێیان وایە، كەحکومەتی تاران لەپشت هێرشەكەوەیەو دەڵێن، لەبەرامبەر ئەوپێشێلكردنەی یاسا نێودەوڵەتیەكاندا، دەبێ تۆڵە لەئێران بكرێتەوە.

هاوكات سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل نەفتالی بنتی، دەڵێ: بەڵگە  هەیە کەدوژمنە لەمێژینەیەکەمان  ئێران بەرپرسیارە لەو هێرشەدا.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا کە»ئەوان دەزانن بەو شێوەیەی خۆیان دەخوازن پەیام  بۆ ئێران بنێریین و لەكاتی گونجاودا گورزی لێ بوەشێنن. هەرچەندە تاران هەموو ئەو تۆمەتانە  رەتدەكاتەوەو بەبێ بنەمایان دەزانێ.

ناوەندی تووێژینەوەی، هێنری جاکسۆن لەبەریتانیا، پێی وایە، کەحکومەتی بەریتانیا، زۆردواكەوتووە لەوەڵامی پێشێلكارییەكان بۆ سەر بەریتانیاو هاوبەشەكانی و زۆر لەمێژە ئەو وڵاتە،  دەستدرێژیی و بەدکاریەکانی ئێرانی پشتگوێخستوە.

هەروەها ئەو ناوەندە، حکومەتی بەریتانیا، تۆمەتبار دەكات بەوەی كە رێگەی بە رژێمی ئێران داوە، بەئارەزووی خۆی كوشتن و زیندانی كردن و فڕاندنی هاووڵاتیان پشتگوێ بخات.

داوا دەكەن كەدواجار بەریتانیا، هەنگاوی كرداری بهاوێژێت بەرامبەر سەركێشیی و گەمژەییەكانی تاران .

سام ئارمسترۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەناوەندی هێنری جاکسۆن، بەڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی راگەیاندوە : بەریتانیا بۆ ماوەیەکی زۆرە، ئەو هەڕەشەو دەستدرێژیانەی ئێرانی پشتگوێخستوە، لەڕفاندنی هاووڵاتیانی بەریتانی وەك (نازەنین زەغاری) تا هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعوودییو هەروەها  رفاندنی بەلەمەكانی هەڵگری ئاڵای بەریتانیا.

ئێستا کەحکومەتی بەریتانیا، دەرەنجامە کوشندەکان و كردەوە ناپاکیەكانی ئێرانی بینیوە، دواجار دەبێت کاربکات، بۆ وەستاندنی لێرەدا.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، هاووڵاتییەكی بەریتانیی و هەروەها ئەندامێکی دیكەی دەستەی كەشتییەكی بازرگانی  ئیسرائیلی كەخەڵكی رۆمانیا بوون،  لەكەشتییەكی نەوت گواستنەوەدا، بەناوی (ئێم ڤی مێرسەر) گیانیان لەدەستدا.

ئیسرائیل و هاوبەشەكانی، ئێران بەتێوەگلان لەو كردەوەیە تۆمەتبار دەكەن بەوەی، لەڕێگای درۆنی بۆمبڕێژكراوە، بەناوی درۆنی كامیكاز، ئەو كەشتییەی تەقاندووەتەوە.

سەید خەتیبزاده، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: کەئێران لەو دەستدرێژییه تێوەنەگلاوەو بێبەریە لەو هێرشە.

هەرلەمیانەی کۆنفڕانسەكەدا بانگەشەو تۆمەتەكانی ئیسرائیلی بە «بێبنەما» ناوزەدكرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار