مۆتەكەی دەسەڵاتی محـافزكاران لەئێران
یەكەم لێدوانی وەزیری نوێی نەوتی ئێران بەهای دۆلاری بەرامبەر تمەن بەرز كردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، فرۆشتنی نەوت لەچوارچێوەی چارەسەریی قەیرانە ئابورییەكانی ئێران بووەتە خەونێك بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام رەئیسی بەدەستنیشانكردنی كۆمەڵێك وەزیری بێ ئەزموون رەنگە ئەم خەونەی وڵاتەكە بكاتە مۆتەكە بەتایبەت یەكەم لێدوانی وەزیری نوێی نەوتی ئێران بەهای دۆلاری بەرانبەر بە تمەن بەرزكردەوە.
وەزیری نوێی نەوت لەئێران یەكەم لێدوانی ئەوە بووە كە هەوڵدەدرێت نەوت لە بەرامبەر كاڵادا هەناردە بكرێت و شارەزایانی ئابوریی پێیانوایە ئەم لێدوانە واتا رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمەریكاو رۆژئاوا زیندو ناكرێتەوە و رێگە بەفرۆشی نەوتی ئێران نادرێت و لە ئەنجامدا بەهای هەر دۆلارێك بۆ زیاتر لە (30) هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە.
محافزكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بوونەتە خاوەنی سێ دامەزراوەی (پەرلەمان، حكومەت، دادوەریی) لەوڵاتەكە، گەورەترین بەڵێنیان چارەسەری ئابورییە، بەڵام بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێشبینیی دەكرێت رێگە بەفرۆشی نەوتی ئێران نەدرێت و ئەو وڵاتە ناچار بێت رێگەی قاچاخ و ئاڵوگۆڕیی نەوتەكەی لە بەرامبەر كاڵا بگرێتەبەر، كە ئەمەش واتای لاوازبوونی وڵاتێكە كە (90%)ی بودجەكەی لە رێگەی نەوتەوە دابین دەكرد.
ئاشتیی لەگەڵ سعودیە یەكێكی دیكەیە لەو هەنگاوانەی كە حكومەتی رابردوو بە نێوەندگیریی بەغدا دەستیپێكردبوو و بەیەكێك لەسەرەكیترین هەنگاوەكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقەڵەمدەدرێت، چونكە سعودیە زۆرترین دژایەتیی ئەو رێككەوتنە دەكات و لەم رێگەیەوە فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاد دەكات، بۆیە ئەم هەنگاوی ئاشتیش سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەكان لەپەراوێزی كۆنفڕانسی بەغدا ساردوسڕیی تێكەوتووە.
خامنەیی شكست بە ریفۆرمخوازان دەهێنێت
عەلی خامنەیی، كە دوو ساڵە هەوڵدەدات ریفۆرمخوازان لەكۆی دەسەڵاتەكان و حوكمڕانییەكاندا نەمێنن و ركابەریی هەڵبژاردنەكان نەكەن لەقۆناغی یەكەمدا ئیبراهیم رەئیسی كردە سەرۆكی دەزگای داد، محەمەد باقر قاڵیباف، سەر بە محافزكاران كە بووە سەرۆكی پەرلەمان رای سپارد بەمەبەستی لاواز پیشاندانی سەرۆكی حكومەت سەردانیی مەیدانیی بۆ ناو خەڵك بكات بەجۆرێك گەشتەكانی زۆر لە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری سەر بە ریفۆرمخوازان زیاتر بوو.
هاوكات بەبڕیاری خامنەیی پڕۆژە یاسایەكی بەپەلە بۆ پاشەكشێ لە رێككەوتنی ئەتۆمیی پەسند كراو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی كە خەونی ریفۆرمخوازن بوو بۆ بەدەستەوەگرتنی جارێكی دیكەی حكومەت لەبار برا، دوای ئەوەش ریفۆرمخوازان هەر كەسێكیان كاندید دەكرد بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی یان رەت دەكرایەوە یان لەژێر كاریگەریی خامنەیی پاشەكشێی دەكردو حەسەن خومەینی، كوڕەزای روحەڵڵا خومەینی یەكێك لەو نموونانە بوو كە دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ خامنەیی، پاشگەزبوونەوەی خۆی بۆ كاندیدبوونی لە لایەن ریفۆرمخوازانەوە راگەیاند.
كاتێك محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران ویستی خۆی وەك كاندیدی سەرۆك كۆماریی ریفۆرمخوازان بپاڵوێت، فایلێكی نهێنیی بڵاوكرایەوە كە تێیدا دژایەتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس دەكات و ئەو بەسەركێش و سەر بە روسیا ناودەهێنێت، بۆیە ئەم فایلەش كە دەوترێ لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە دزەپێكرا وای لە زەریف كرد بۆ هەتاهەتایە دەستبەرداری گۆڕەپانی سیاسەت ببێت و رایبگەیەنێت كە تەنها سەرقاڵی لێكۆڵینەوەو وانەوتنەوە دەبێت.
سەرۆك و كابینەی ئێستا بەرهەمی خامنەییە
عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەپلانێكی وردی دوو ساڵەدا ئیبراهیم رەئیسی كە پێشتر سەرۆكی دەزگای دادوەریی بوو، كردە سەرۆك كۆمار چونكە خامنەیی بە بەردەوامیی لەپەیامەكانیدا ئاماژەی دەكرد بە رۆڵی رەئیسی لەهەنگاونان بۆ حوكمڕانیی و هەر ئەمەش وای كرد رەئیسی وەك بەرهەمی خامنەیی ناوببرێت.
بەوتەی شارەزایان لەساڵی (2009) تا ئێستا هەوڵدراوە ناوەندەكانی سەر بەدەزگای هەواڵگریی (ئیتلاعات) و سوپای پاسداران و دەزگای دادوەریی لە كەسانی نزیكی خامنەیی بن و ئەو بەم كارەی زۆربەی ئەو ناوەندانەی كە پێویستیەتی بەدەستی هێناوەو كەسانی نزیك لەخۆیی تێدا جێگیركردوون، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە پەرلەمانە كە لە رابردودا زۆربەی كات بەدەستی ریفۆرمخوازاناوە بووە، ئێستا بە تەواوەتیی كەوتووەتە دەست محافزكاران چونكە لەكۆی (290) كورسی، (227) كورسیی بەدەست محافزكارانەوەیەو تەنها (20) كورسیی بەدەست ریفۆرمخوازانەوە ماوە، بۆیە ئەمە وا دەكات خامنەیی لەهەموو كاتێك زیاتر دەسەڵاتی بەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی ئێراندا هەبێت.
رەئیسی كە ئێستا سەرۆك كۆماری ئێرانەو پێشتر و لەسەردەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران رایگەیاند كە لەو دۆخەی كۆرۆنا دروستی كردووە زۆر نیگەرانە و تەنانەت ئەو ناتوانێت دەستی خامنەیی ماچ بكات، لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار لە كۆبوونەوەی لەگەڵ خامنەیی رایگەیاند هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەسەر رێبازی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو بنێت و بەم لێدوانەشی بووە مایەی خۆشحاڵیی خامنەیی.
رەئیسی لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونیدا رایگەیاند ئەركی ئەو پاراستنی میراتی كۆماری ئیسلامی ئێرانەو ئەم وتەیەشی لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمان و غوڵامحسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆكی دەزگای دادوەریی ئێران پێشوازیی و پشتیوانیی لێكرا، كەئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە هەموو دەزگاو دامەزراوەكانی ئێران لەهێڵێكدا سیاسەتەكانی خامنەیی جێبەجێ دەكەن بەبێ ركابەرو بەزمانێكی دیكە دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران یەكدەست بووە.
كابینەی بێ ژنی رەئیسی..
رەئیسی دوای دەستنیشانكردنی (19) وەزیر بۆ پەرلەمان تەنها یەك وەزیر دەنگی متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا كە ئەویش وەزیری پەروەردە بوو، بەڵام زۆرینەی رەهای وەزیرەكان كە سەر بەباڵی توندڕەوەی محافزكارانن و ئەمیر حسێن رەحیمی، وەزیری داد بە (277) دەنگ و محەمەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی بە (274) دەنگ و ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە بە (270) لە كۆی (290) دەنگ زیاترین دەنگی متمانەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
كابینەی رەئیسی كە بەكابینەی بێ ژن لەقەڵەمدەدرێت تەنانەت یەك ژنیشن بۆ هیچ پۆستێكی هەستیار لەكابینەكەیدا پێشنیار نەكراوەو پێدەچێت ئەو كابینەیە بەبێ ژن لەكارەكانی بەردەوام بێت.
شێوازی كابینەكەی رەئیسی وای كردووە كەخەڵكی ئێران هیوایەكی ئەوتۆیان بۆ چارەسەری قەیرانەكانیان نەبێت و رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) نزیك لە ریفۆرمخوازان لەژمارەیكی خۆیدا بەناونیشانی (حكومەت بەوەزیری بێ ئەزمونەوە؛ دووبارەكردنەوەی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد) لەزاری د.ئیسماعیل گرامی موقەدەم، وتەبێژی حزبی (ئێعتیماد میللی)ی سەر بە ریفۆرمخوازان بڵاوی كردووەتەوە:» ئەو وەزیرانەی ئیبراهیم رەئیسی دەستنیشانی كردوون پەرلەمان متمانەیان پێبەخشیون بەپێچەوانەی بەڵێنەكانی، زۆربەیان لەڕەوتی راستڕەوی سەر بەمحافزكاران و ئەزموونێكی ئەوتۆیان نییە و پێناچێت بتوانن لە رووی نێودەوڵەتیشەوە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران زیندو بكەنەوە.
«رەئیسی بەدەستنیشانكردنی كۆمەڵێك وەزیری بێ ئەزمون لە رووی حوكمڕانییەوە كە زۆربەیان توندڕەون، پێچەوانەی ئەو بەڵێنەبوو كە رایگەیاند كابینەكەی هەمەلایەنە دەبێت و تایبەت نابێت بەمحافزكاران، بەڵام ئەم هەنگاوەی رەئیسی سەلماندویەتی كە ئەویش سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشوتری ئێران دووبارە دەكاتەوە».
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بەتوندڕەوەكانی محافزكاران دەڵێت: ئەمەریكا هیوای بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نییە..
فارس بڵاوی كردووەتەوە؛ كە رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە وەفدێكی ئەمەریكی بەسەرۆكایەتیی ویلیام جۆزێف بێرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل كۆبوونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا وتوویانە هیوایان بەوە نییە كە رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) زیندو بكرێتەوە.
هەروەها ئەو وەفدە رایانگەیاندووە شانسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگفتوگۆو دانوستانەكانی ڤیەننا زۆر كەمەو پێناچێت ئەو دانوستانانەی نێوان ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا بگاتە ئەنجامێكی ئەوتۆ.
یەكەم لێدوانی وەزیری نەوت بەهای دۆلاری بەرزكردەوە
رۆژنامەی (ئیبتیكار) نزیك لە ریفۆرمخوازان: بەهۆی وەزیری نەوتەوە بەهای دۆلار لەئێران بەرز دەبێتەوە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی:» رۆژی چوارشەممە (25/8/2021) پەرلەمان جگە لە وەزیرێكی پێشنیاركراو متمانەی بە (18) وەزیری دەستنیشانكراوی كابینەی ئیبراهیم رەئیسی داوەو بە دەركەوتنی وەزیری نەوتی نوێ و لێدوانەكانی، ئاماژەكانی بەرزبوونەوەی دۆلار تا سنوری (30) هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێك دەركەوتووە.
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە پلانی هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت لەبەرامبەر كاڵاداو ئەم لێدوانەشی ئاماژەیە كە هیوا بۆ دانوستانەكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی كەمی كردووە و ئێران ناتوانی لەفرۆشی نەوت دۆلار بەدەستبهێنێت بۆیە دوور نییە ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت، بەهای دۆلار جارێكی دیكە لەئێران بەرزبكاتەوە.
پێشبینییەكی رۆژنامەی ئیبتیكار راست دەرچوو لەو رۆژەوە بەهای دۆلار لەئێران بەردەوام لە بەرزبوونەودایە و لەئێستادا نرخی هەر دۆلارێك زیاترە لە (28) هەزار تمەن لەكاتێكدا پێش لێدوانی ئەو وەزیرەی نوێی نەوت هەر دۆلارێك (25) هەزار تمەن كەمتر بوو.
وەزیری بەرگریی
محەمەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران كە تازە دەستبەكار بووە لە ساڵی (2019) لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە بە تۆمەتی تێكدانی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و هاندان بۆ ئاڵۆزبونی ئەمنیی لەجیهان خراوەتە لیستی سزادراوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلای ئەمەریكا.
ئاشتیانی كە دووەم دەنگی زیاترین ئاستی متمانەی لەپەرلەمان بەدەستهێناوە زیاتر لەسوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) كاری كردووە و ئەزموونی لەگەڵ سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە لەكاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتە سەربازییەكان بۆ سوپای پاسداران دەگەڕێتەوە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە رەنگە دەستنیشانكردنی ئاشتیانی بەمەبەستی گوێڕایەڵیی ئەرتەش بۆ سوپای پاسداران بێت كە راستەوخۆ لە خامنەییەوە فەرمان وەردەگرن چونكە، ساڵانێكە ئەو دوو هێزە چەكدارو سەربازییەی ئێران ناكۆكییان هەیە، ئەمەش هەنگاوێكە بۆ نەمانی ئەو ناكۆكییانە.
چارەنووسی نادیاری ئاشتیی لەگەڵ سعودیە..
رێككەوتی (16/8/2021) ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) بڵاوی كردەوە كە ئێران و سعودیە باڵیوزخانەكانیان لە ریازو تاران دەكەنەوە و ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق بە تەلەفیزیۆنی (ئەلعالەم)ی راگەیاند كە دانوستانەكانی نێوان ئێران و سعودیە بەمیوانداریی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی باش و لەهەنگاوی یەكەمدا بڕیارە باڵیۆزخانەكانی سعودیە و ئێران لەتاران و ریاز بكرێنەوە..
مەسجدی روونیكردووەتەوە كە بەهۆی ئاڵوگۆڕی حكومەت لەئێران گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان سعودیەو ئێران بۆ ماوەیەكی كاتی راگیراوەو دوای كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیش گفتوگۆو دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاساییبوونەوەی ساردوسڕییەكانی نێوانیان بەردەوام دەبێت و هیوایان وایە هەنگاوی باشتر ببڕن.
لە رێككەوتی (28/8/2021) ئاژانسی ئیرنا بڵاوی كردوە كە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندوە دیداری نێوان سعودیەو ئێران بەنێوەندگیریی بەغدا بەڕێوەدەچێت..
فواد حسێن، لەوەڵامی پەیامنێری (ئیرنا) بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان لەنێوان تاران و ریاز وتوویەتی:» ناتوانم وردەكاریی دانوستانەكانی نێوان سعودیەو ئێران بڵاو بكەمەوە، بەڵام چەندین كۆبوونەوە لە پەراوێزی كۆنفڕانسی بەغدا لەنێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بەنێوەندگیریی عێراق بەڕێوەچووە و دەبێت ئەو بەرپرسانە وردەكاریی دانوستانەكانیان بڵاوبكەنەوە.
لەلایەكی دیكەوە رێككەوتی (29/8/2021) رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) بەناونیشانی كۆنفڕانسی بەغدا لەگەرموگوڕیی كەوت. نووسیویەتی:» عێراق دەیەوێت دوای ساڵانێك جەنگ و ئاژەوە لەوڵاتەكەی پێگەی ناوچەیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و ئەنجامدانی كۆنفڕانسی بەغدا لەو چوارچێوەیەدایەو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم كۆبوونەوەیە وەك دوایین كارتی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی بۆ پیشاندانی بەهێزیی حكومەتەكەی دەخاتەڕوو ئەو كۆنفڕانسە كە بڕیاربوو ببێتە شوێنی ئاشتیی سعودیەو ئێران، بەڵام ئەو دوو وڵاتە لەئاستی باڵادا نوێنەری خۆیان رەوانە نەكرد.
ئەمیر عەبدوڵاهیان جێگری وەزیری دەرەوەی پێشوو كە ئێستا بووەتە وەزیری دەرەوە توانایەكی زۆری لەزمانی عەرەبیدا هەیەو پێدەچێت ئامادەبوونی عەبدوڵاهیان لەكۆنفڕانسەكەدا بەمەبەستی دانوستانی لەگەڵ سعودییەكان بێت لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەو دانوستانە لەئاستی باڵاترو سەركردەكاندا بێت.
بۆ ئێران زیندبوونەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر گرنگەو لەو سۆنگەیە تاران دەیەوێت لەگەڵ سعودیە ئاشتیی بكات، چونكە ئەو وڵاتە یەكێكە لە نەیارە سەرەكییەكانی ئێران بەتایبەت لە دۆسیەی رێككەوتنی ئەتۆمییدا.
بەدیهێنانی خەون یان گیرۆدەبوونی مۆتەكە..
شێوازی كابینەی حكومەتی ئێستای ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەیە بۆ دەستنیشانكردنی كەسانی گوێڕایەڵ لەحكومەتەكەیدا، بۆیە محافزكاران بەپێشەنگیی خامنەیی هەنگاو دەنێنن بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتیی سیاسەتەكانی دەسەڵاتی یەكدەستی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران كە رەنگە خەونی چارەسەری قەیرانەكان لەلای خەڵكی ئەو وڵاتە بكەنە مۆتەكە.