پەرلەمانی ئەوروپا: پاڵپشتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

شاندی پەرلەمانی ئەوروپا پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە.

سارا سکیتیداڵ، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی ئەو پەرلەمانە لەگەڵ عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی چەند رۆژێک پێش ئێستای کەرکووک دەڵێت، بەناوی شاندەکەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حکومەتی عێراق و خێزانی کوژراوەکانی "هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی کەرکووک دەکات". 

سارا سکیتیداڵ دەڵێت، "جارێکی دیکە شاندەکەی سەرکۆنەی هەموو کارێکی تووندوتیژی و هاندانێکیان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر بنچینەی ئایین، پێکهاتەی ئیتنی، رق و کینی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێن". 

سەرۆکی شاندەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکەی کەرکووک قبووڵ نەکراوە، بەڵام دڵنیاییش لەوە دەدات کە "تیرۆریستەکان ئامانجەکەیان بەدەستناهێنن و خەڵکی عێراقیش لە رەتکردنەوەی ئەو هەوڵانەدا یەکگرتوون کە پەڕگیرەکان لە گرووپ و لایەنە جیاوازەکان دەیاندەن بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات، ئەوەش لەرێگەی دروستکردن و زیادکردنی کێشە تائیفییەکانەوە". 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پاڵپشتیی هەمیشەیی خۆی بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە لە شەڕی بەردەوامیان دژی تیرۆریزم، لەوانەش بۆ شەڕیان دژی داعش. شاندەکە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامەکانی دەکات کە هاوکارییەکانیان بۆ عێراق لەبوارەکانی ئاسایش و پاراستنی مافە بنچینەییەکان و مافە مەدەنییەکان کاریگەرتر بکەن، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی کە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق بەڕێوەدەچێت". 

شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەو پەرلەمانە و عێراق سەرکۆنەی کارە تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەی نێو عێراق دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر بنچینەی ئایین، پێکهاتەی نەتەوەیی و رق و کینی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێن و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات دەکاتەوە.

رۆژی 4ی ئەم مانگە و لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە نزیک شارۆچکەی رەشادی باشووری رۆژئاوای شاری کەرکووک، 12 پۆلیسی فیدراڵی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. هەمان رۆژ 3 سەربازی عێراق کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربوون، ئەوەش کاتێک ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنین لە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار