ئەمڕۆ پەرلەمان لەسەر پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و گرانی نرخی سوتەمەنی كۆدەبێتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی گرفتی وانەبێژان و گرانی نرخی سووتەمەنی، بەبێ ئامادەبوونی وەزیرانی پەیوەندیدار، كۆدەبێتەوە.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای لەئەندامانی پەرلەمان كردووە، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ئامادەی هۆڵی كۆبوونەوەبن، بۆ كۆبوونەوەی ژمارە 4ی ئاسایی خولی پاییزەی پەرلەمان.
بەگوێرەی ئەو كارنانەیە بێت كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاویكردووەتەوە، لەو دانیشتنەدا ئەم بابەتانە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت:
یەكەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٧٨) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٨٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
دووەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (دابان محمد حسێن) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی دەسپاكی)ی پەرلەمانی كوردستان -عێڕاق.
سێیەم:
1 - خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
٢ - خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سووتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:
١ - پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی، ژمارە (٣٠)ی ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
٢ - پڕِۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتل و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

