ئەڵمانیا بۆ نێچیرڤان بارزانى: لە پشتگیریى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبین

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

باڵیۆزى نوێی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند:" لە چاکسازى و یەکخستنەوەى پێشمەرگە  و  پشتگیریى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبین".

​ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتین یێگەر، باڵیۆزى نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد. باڵیۆزی ئەڵمانی وتویەتی، "سیاسەت و مامەڵەى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان وەک خۆى درێژە دەکێشێت و وڵاتەکەى لە پشتگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان" بەردەوام دەبێت. 

لە کۆبونەوەیەکدا وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامەکانى و خوێندنەوە و پێشنبینییەکان بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات، برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان و دۆخى عێراق بەگشتى، تاوتوێکران.

راگەیێندراوەکە دەڵێت، "باڵیۆزى ئەڵمانیا دڵنیایى دا و دووپاتى کردەوە کە دواى هەڵبژاردن و بە هاتنە سەرکارى حکومەتێکى تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەت و مامەڵەى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان وەک خۆى درێژە دەکێشێت و وڵاتەکەى لە پشتگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان، هەروەها وەک ئەندامێکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش بەردەوام دەبێت." 

ئەو باڵیۆزە ئاماژەى بەوەش داوە کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە بۆ چاکسازى و یەکخستنەوەى پێشمەرگە کار دەکەن و "رۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى لەمبارەیەوە بە گرنگ لە قەڵەم دا."

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایی دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن بۆ باڵیۆزى ئەڵمانیا، "سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەڵمانیا دەربڕى و دووپاتى کردەوە کە هاوکارى و پشتگیریى سەربازى، مرۆیى و سیاسیى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان هەرگیز لەبیرناکرێن و بەردەوامی پشتگیریى ئەڵمانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە مایەى خۆشحاڵى و گرنگ و پێویست زانى."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشهاتەکانى ئەفغانستان، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بون کە کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیاش تێیدا ئامادە بوو."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار