دوو لیواى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروست ده‌کرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وه‌فدێکى باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کۆبوونەوەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو. شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی ئەرکان و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق ئەول روکن، عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیێنراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە بەئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی کرا.

لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەرکی ئەم دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئاسایش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەناوچە جێناکۆکەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، تاوتوێی "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و سەرکەوتنی پلانی ئاسایشی هەڵبژاردن" کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان بەڵێنیاندا کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بەتایبەت بۆ دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش. هەردوولاش جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار