هەفتەی داهاتوو 120 ملیارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: ماوەی زیاتر لە مانگێکە داهاتی نانەوتی هەرێم (120 ملیار دینارەکە) ئامادەیە، بەڵام، چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـن لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
دەبێت هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت، ئەگینا ناردنی مووچەی مانگی 10 دوادەکەوێت و زەحمەتە پێش سەری ساڵ دابەش بکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان بە ئاڤای وتووە، زیاتر لە مانگێکە 120 ملیارەکە ئامادەیە، بۆ ناردنیشی چاوەڕوانی ئیعازی وەزارەتی دارایی عێراقین کە ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچە دا، دەستبەجێ 120 ملیار دینارەکە بە کاش ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی دەکەین، بەڵام دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان فەرمانمان پێ بکات.
سەرچاوەکە وتیشی، هەفتەی داهاتوو دەینێرین بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ پارە بنێردرێت و دابەش بکرێت.
لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت تەیف سامی گوتوویەتی، ئەم سێ مەرجە جێبەجێبکەن هەفتەی داهاتوو مووچە دەنێرم.
هەروەها ئەوەش دەڵێت: یەکەم مەرج: داهاتی نانەوتی (120 ملیار دینارەکە) بنێرن.
دووەم مەرج: تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە)ـی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان بنێرن.
سێیەم مەرج: نوسراوێک بهێنن لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە بڵێت نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەبێ کێشە رەوانە دەکرێت و داهاتەکەشی دیار بێت.
