نزیکەی 10 ملیار دینار کۆکراوەتەوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری."

ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ.

عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە."

لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە."
 
بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە. قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن: 

قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان.

قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان.

قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو:

1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.
569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.
 
عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار