یوسف محەمەد: بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن هۆکارى زیادبونى کورسى هه‌ندێک له‌لایه‌نه‌کان بوون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:" بەهۆی دیزاینكردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک لەلایەن سەدر و پارتی و تەقەدوم، كە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبون، توانیان ژمارەی زۆری كورسی بەو تەكنیكە ببنەوە.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە نوسینێكدا كە لە پەیجی خۆی بڵاویكردووەتەوە، یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناونیشانی "دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن بە دڵخوازی سێ لایەن" نوسیویەتی: دەرئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/ ١٠ی عێراق تا ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە و، باس لە ژمارەیەک ھۆکار دەکرێ بۆ ناھاوسەنگیی دەرەنجامەکان و، لەوانەش فەرامۆش کردنی تەکنیکی گونجاوی ھەڵبژاردن لەگەڵ سیستمی نوێی ھەڵبژاردن، کە ھەمو ئەو ھۆکارانە راستییان تێدایە.

باس لە ھۆکارێکی گرنگی تری سەرنج نەدراودەكات، کە رۆڵی گەورەی ھەبووە لە زیاد بونی نائاسایی کورسییەکانی سێ ھێزی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان، کە ئەوانیش کوتلەی سەدری و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی «تقدم»ن، دەڵێت: شێوازی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەش کردنی کورسییەکانی  بەرکەوتەی پارێزگاکان بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

 هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، لەخۆڕا نییە ئەم سێ ھێزە ھەر یەکەیان براوەی یەکەمی ھەر سێ پێکھاتەکەی عێراقن، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبون کە ئەوان رێکەوتنی کۆتاییان کرد لەسەر چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک و  دواتریش ھەندێ کوتلەی تر لێرەو لەوێ رازی کران. 

نمونەی بازنەی دوی ھەولێری هێناوەتەوە وباسی لەوەكردووە، ئەو بازنەیە لە سێ قەزای دوور لە یەکی دابڕاو دروست کرا بۆ ئەوەی کاریگەریی دەنگی ھێزەکانی تر و لە ناویشیان یەکێتی لە قەزای کۆیە لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پارێزگای ھەولێر کەم بکاتەوە، ئەمە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش راستە.

لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەلێت: دەبو بازنەکانی ھەڵبژاردن لە لایەن دامەزراوە و کەسانی شارەزا و بێلایەن دیزاین بکرانایە بۆ ئەوەی دادپەروەرتر و واقیعییانە تر بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار