وەزیری خوێندنی باڵا: پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە بەپێی توانای زانكۆكان و بەشەكان خوێ،دكارانمان دابەش كردووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە سەبارەت بە ناڕەزایی بەشێک لەو قوتابییانەی نمرەی 99یان هێناوە و لە بەشی پزیشکیی گشتیی وەرنەگیراون وتی "راستە بەشێک لەوانەی نمرەکانیان 99ی رێکە کورسییان بۆ دابنین نەکراوە لە پزیشکی گشتیی، بەڵام 99.1 لە هەولێر، گەرمیان و کۆیە وەرگیراوە." دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە چارەسەرێک بۆ ئەوانە دەدۆزینەوە کە 99یان هەیە و وەرنەگیروان."
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان وتیشی:"تەنیا ئەوانە وەرنەگیراون کە 99یان هەیە و ژمارەیان زۆر نییە و تەنیا 50 بۆ 60 کەسە، لە دهۆکیش هیچ کێشەمان نییە و لەوێ خوێندکار هەیە بە 98 وەرگیراوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئەو گلەییەی بەشێک لە قوتابیان کردوویانە و 99یان هەیە و وەرنەگیراون رەوایەتی بە داواکانییان دەبینین و لەگەڵ برایانی وەزارەت پێشتر قسەمان کردووە کە پلانەکان زیاتر فراوان بکەین."
ئارام محەممەد دڵنیایی دەداتە ئەو قوتابییانەی کە 99یان هەیە و لە پزیشکی گشتیی وەرنەگیراون، دەشڵێت، "ئەوانەی بێبەش بوون لە کورسی خوێندن دڵنیایان دەکەینەوە کە بە چاوی باوکانە سەیری داواکارییەکانیان دەکەین و ئەوانەی 99یان هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین."
وەزیری خوێندنی باڵا هۆشداریی دەدات لە سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەبەردەم کارەسات دایە. بۆیە لە ماوەی رابردوودا گوتم کە پێویستمان بە سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان هەیە." داواش دەکات کە هاوکاری وەزارەت بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

