یۆئێن: یەكێك لەهۆكارە سەرەكیەكانی شكستی دەستوری سوریا حكومەتە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند:" رازینەبوونی وەفدی حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە دەستوری سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوو".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند:"رازینەبوونی وەفدی حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە دەستوری سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردوو".
پیدەرسن دەشڵێت:" وەفدی حکومەت 18ی ئەم مانگە دەقێکی دەستورییان پێشکێشکرد لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی سوریا، هەروەها وەفدی ئۆپۆزسیۆن 19ی مانگ دەقێکیان لەسەر هێزە چەکدارەکان، دامەزراوەکانی ئاسایش و هەواڵگریی پێشکێشکرد، هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەقێکیان لەسەر سەروەری یاسا لە 20ی مانگ پێشكێشکرد. رۆژی دواتر، وەفدی حکومەت دەقێکی دیکەیان لەسەر تیرۆر خستەڕوو.
پیدەرسن ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی وەفدەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە کۆبوونەوەیەکدا لە 22ی مانگ، لەسەر چۆنیەتی بەردەوامیدان بە پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستوور بۆ پێشەوە رێکنەکەوتن.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا باس لەوە دەکات، شاندی حکومەت رایگەیاندووە ئەوان هیچ خاڵێکی هاوبەش لەو دەقانەدا نابینن کە ئۆپۆزیسیۆن و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشکێشیان کردبوون.
بەڵام ئۆپۆزسیۆن و گرووپەکان ژمارەیەک گۆڕانکارییان لە دەقەکانیاندا کرد بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ حکومەت دروست بکەن.
لە کۆتاییدا، لیژنە 45 ئەندامییەکە نەیتوانی لەسەر ئەوە رێکبکەون، کە چۆن گفتوگۆی دیکە بکەن و دەست بە پڕۆسەی نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور بکەن.

