کازمی: 10 ملیۆن دینار وهک هاوکارى دهدهینه کهسوکارى قوربانیانى شارهبان
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مستەفا کازمی رایگەیاند:" 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی و سەربازی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای دیالە و قسەکردن لەبارەی کاری لیژنەی ئەمنیی پێکهێندراو لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە کە رەوانەی پارێزگاکە کراوە. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، هێزەکانی عێراق وەڵامی خێرایان دەبێت و داوای لە سەرجەم لایەنەکانیش کرد ژیانی تاڵی هاووڵاتییان نەقۆزنەوە لەپێناو هەندێک دەستکەوتدا و گوتی، پێویستە لایەنەکان لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر پێکەوەبن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کازمی ژمارەیەک راسپاردەی دایە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگای دیالە، ئەوەش بە مەبەستی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش. هەروەها داوایکرد، بواری هەواڵگری چالاکتر بکرێت و گوتیشی، پێویستە رێگە نەدرێت کار بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازییە تائیفییەکان بکرێت.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی سەردانەکەیاندا بۆ پارێزگای دیالە و قەزای شارەبان، وەزیرانی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری کاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی کەسوکاری قوربانییەکانیان کرد، هەروەها لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانیان کرد و لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستییان پرسی.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ 227 خێزان لە دوو گوندی میساق و نەهرل ئیمام لە سنووری شارەبان ئاوارە بوون و ئەوانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە کامپی خانەقین تاوەکو ئاسایشی گوندەکان سەقامگیر دەبێت.
ئیڤان فایەق راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە.
شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد لە قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووریی 90 کیلۆمەتر.
شەوی رابردوو، داعش لە رێگەی کەناڵەکانی تێلێگرامەوە، لەبارەی هێرشەکەی شارەبانەوە بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی شەش کەسی "رافزی"یان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی رەشاد لە ناوچەی میقدادیە بە دیل گرتوون، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، هەر شەشیان کوشتوون.
داعش هەروەها دەڵێت، چەکدارەکانیان بۆسەیان بۆ ئەو هێزانە داناوە کە بە هانای ئەو شەش کەسەوە چوون و دوای گەیشتنی دوو ئۆتۆمبێل کە 10 کەسی تێدابووە، "موجاهیدان" بە چەک رووبەڕوویان بوونەوە و هەموویان کوشتن و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکدان.

