تورکیا: ئەمریکا و روسیا لهکشانهوهى شەڕڤانان بهڵێنهکهیان جێبهجێنهکرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند:" حکومەتەکانی ئەمریکا و روسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و وتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کەناڵی "سی ئێن ئێن تورک"ی راگەیاند، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و دوای ئەوەی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، حکومەتەکانی ئەمریکا و رووسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و گوتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین سەردانیدا بۆ سۆچی ئەو بابەتەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باس کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا کە لەگەڵ جۆ بایدن کۆدەبێتەوە، هەمان بابەتی لەگەڵ تاووتوێ دەکات.
بە وتەی مەولوود چاوشئۆغلو، ماوەیەکە شەڕڤانان هێرشەکانیان بۆسەر تورکیا و بەرژەوەندییەکانی زیادکردووە و "پەکەکە و یەپەگە مەترسین بۆ هەموولایەک"، ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت.
وتەکانی چاوشئۆغلو لە کاتێکدان، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بووەتە بابەتێکی گەرمی تورکیا.
سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کانوونی دووەمی 2018دا هێرشیان کردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد.
ئەو هێزانە لە تشرینی یەکەمی 2019شدا هێرشیان کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنترۆڵیان کردن.

