وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: مۆڵه‌ت ده‌ده‌ینه‌ هه‌ر کۆمپانیایه‌ک بۆ هێنانى به‌نزین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەمەبەستی چارەسەری کێشەی کەمیی سووتەمەنی، بڕیار درا لەسەر بەخشینی مۆڵەت بەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن بەنزین هاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن "بە پێی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان."

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  داوا لەو کۆمپانیایانە دەکات کە خوازیاری ھاوردەکردنی بەنزینن، داواکاریی خۆیان پێشکەش بە وەزارەتەکە بکەن.

بەخشینی مۆڵەتەکە وەکو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی پێکردووە، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان" بووە. 

ئێستا گرفتی سووتەمەنی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان سەریهەڵداوە، بەشێکی زۆریشی پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی نەوتەوە هەیە کە ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە زیاتر لە 83 دۆلارە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ماوەی رابردوودا لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دەگاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت و بە 690 دینار دەدرێتە شۆفێران. حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، درێخی نەکردووە و هاووڵاتییانی دڵنیا دەکاتەوە کە "هەموو هەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە."

رۆژی یەکشەممە، 24-10-2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "هەموو دەزگاکانی راسپاردووە کە دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی دابەزێت." پارێزگاری هەولێر گوتیشی "نرخی بەنزین دادەبەزێت و هەوڵەکانی حکومەت بەردەوامن" بۆ ئەو مەبەستە. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار