بایدن بۆ سودان: پێویستە حکومەتی راگوزەر کە لە لایەن کەسانی سڤیلەوە بەڕێوەبردرێت دەست بە کارەکانی بکاتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ سوپای سودان تووند و روونە؛ پێویستە رێگە بدرێت خەڵکی سوودان بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن؛ پێویستە حکومەتی راگوزەر کە لە لایەن کەسانی سڤیلەوە بەڕێوەبردرێت، دەست بە کارەکانی بکاتەوە".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی وەکو "نسکۆیەکی ترسناک" بۆ سوودان باسکردووە، کە وڵاتە هەژارنشینەکەی ئەفریقا تێیکەوتووە.
بایدن رایدەگەیێنێت کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی سوودان و ئامانجەکانی شۆڕشی سوودان و دەشڵێت "ئازادی، یەکسانی، حکومەتێک لەژێر سەروەری یاسادا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ" دەبێت ببنە کۆڵەکەی دامەزراندنی داهاتووی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە سوودان.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 25-10-2021 سوپای سوودان کودەتای بەسەر حکومەتی راگوزەردا کرد و لانیکەم 5 وەزیر و بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی دەستگیرکرد، عەبدوڵڵا حەمدۆکی سەرۆکوەزیرانیشی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرد.
عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەریی سوودان و ئەندازیاری کودەتا سەربازییەکە له کۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا باری نائاسایی راگەیاند، حکومەتی هەڵوەشاندەوە و گوتی، حکومەتێکی کاتی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو پێکدەهێنن.
رۆژی چوارشەممە 27-10-2021 لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا حەمدۆک کردووە و داوای لە هێزە چەکدارەکانی سوودان کرد هەموو سەرکردە سڤیلەکان ئازادبکرێن.

