ئێران: ئێران جددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: " ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین".

حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لانیکەم بەڕێز بایدن بۆ پیشاندانی نیازپاکیی بچووکی خۆی، دەتوانێت 10 ملیار دۆلار بلۆک لەسەر سەرچاوە و پارەی ئێران هەڵبگرێت.  ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین".

لە هەمان کاتدا، دەکرێت مانگی داهاتوو "دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم" کۆببنەوە.

ئەو دەستەیە لە 35 ئەندام پێکدێت و تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هەڵوێستی ئێرانی نەکردووە لە بەرامبەر رێگەنەدان بە چاودێرەکانی ئاژانسەکە بۆ سەردانکردنی چەند بنکەیەکی ئەتۆمی.

لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئێران رێگەی نەدا پشکنەرانی ئاژانسەکە سەردانی بنکەی ئەتۆمیی کەرەج بکەن کە دەیانویست میمۆریی کامێراکانی چاودێریی ئەو بنکەیە بگۆڕن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەوەی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کردوویەتی، یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئێران هەڵوێستێکی راستەقینەی هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی پێمان وابێت دەتوانین بگەینە رێککەوتن لەسەر گەڕانەوە بۆ پابەندبوونی هەردوولامان. رێگەی بەردەممان تاوەکو دێت کورتتر دەبێتەوە. ئێمە زۆر بە وردی چاودێریی قسە و هەڵوێستی ئێرانیش دەکەین و ئەگەر بێتو ئێران هەڵسوکەوتی نەگۆڕێت، ئامادەین بژاردەی دیکە بگرینەبەر".

راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەلایەن ئێرانەوە لە کاتێکدایە، پێش چەند رۆژێک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی دایە ئێران کە دەبێت هەنگاوەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام گوتیشی ئیدارەی بایدن پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو پرسە چارەسەر بکات.

حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننا چەقیان بەست، ئەوەش دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار