مالیکی: ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "ھۆشداریم بە لایەنەکان داوە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت".
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە میدیا عیراقییەکان، نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت.
سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئاڕاستەی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردندا ناڕۆن و پشتیوانی ئەم ئاڕاستەیە ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، نوری مالیکی لەبارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەی خستوەتەڕوو، "کاندیدبوونیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا، پێشنیاز نەکراوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆنیشەوە، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەوەی وتووە، "لەبەرژەوەندی عیراقدا نییە دوژمنکاری لەگەڵ ئەمریکادا بکات".
لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، حزبی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، توانی 27 کورسی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2018 دا 25 کورسی بەدەستهێنابوو.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "ئەنجامی بەراوردکاری دەنگە دەستیی و ئەلیکترۆنییەکان، هاوتابوون".

