فه‌ره‌نسا; هه‌وڵى کوده‌تا به‌سه‌ر ماکرۆن دا ده‌درێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژنامەی لێ پارسیانی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی رێمی دایێ هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتی فەرەنسا دراوە. هاوکات دەشڵێت کودەتاکە ناونراوە: "ئۆپەراسیۆنی ئازوور". 

بەگوێرەی رۆژنامەکە، رێمی دایێ وێدمان، کە لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی بەسەرچوونی ڤیزاکەیان، خۆی و هاوژینی و سێ منداڵەکەی لە مالیزیاوە دیپۆرتی فەرەنسا کراونەتەوە، لە 22ی تشرینی یەکەم بەتۆمەتی دەستهەبوون لەگەڵ تیرۆر دادگایی کراوە. رۆژنامەکە دەڵێت وێدمان لە ساڵی 2020 لەو کاتەی لە مالیزیا بووە، پلانی بۆ کودەتاکە داناوە.

هاوکات بەگوێرەی رۆژنامەکە، دایێ وێدمان لە دانیشتنی دادگادا ئەوەی گوتووە پلانی کودەتای سەربازیی نەبووە، بەڵکو پلانی هەبووە لە رێگەی "رێکخستنی خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەرییەوە دەست بەسەر کۆشکی ئێلیزێ و حکومەتدا بگرن".

لەلایەکی دیکەوە، دایێ وێدمان تەمەن 55 ساڵ بە هاوکاریکردن بۆ رفاندنی کچێکی 8 ساڵان بە ناوی میا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمەتبارکراوە. کە لە مانگی حوزەیرانەوە بەهۆی تێوەگلان لەو کەیسەدا لەلایەن ئاژانسی کۆچبەرانی کوالالامپوورەوە رادەستی فەرەنسا کراوەتەوە. دایێ وێدمان بە میدیای فەرەنسیی راگەیاندووە ئەوە رفاندن نەبووە: "بەڵکو لەسەر ویستی دایکی، منداڵەکەم بۆ گەڕاندووەتەوە."  

هەر بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەکە، دایێ وێدمان تۆڕێکی بۆ کودەتا پێکهێناوە کە بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە؛ گرووپێکی سڤیل و گرووپێکی سەربازی. گرووپە سەربازییەکە تۆڕێکی چەکداری لەگەڵ بووە و لەلایەن دوو ئەندامی سوپای فەرەنساوە سەرکردایەتی کراوە و لە رێگەی 26 "کاپتنی هەرێمییەوە"، کە لقی لە سەرتاسەری وڵاتدا دروستکردووە. 

دایێ وێدمان بە کەسێکی راستڕەوی تووندڕەو دەناسرێت، کە زۆرجار تیۆری پیلانگێڕی باسکردووە و پێشتر لە پارتی بزووتنەوەی دیموکراسیی دەرکراوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە، دایێ وێدمان دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی هەوادار لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوکات بە پیلانگێڕانەکانی دژ بە ڤاکسینکردن، لەباربردنی منداڵ و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دژ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، تۆمەتبارکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار